هه‌رێم وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/05/2019‌ :: 3713‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

 

رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاڕاسته‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت له‌سه‌ر هه‌رێم به‌بێ بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو، پێشینه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و زۆرێك له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.

 

له‌ وه‌ڵامی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ 13ی ئازاری 2019 وه‌ك راپۆرتی ساڵانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ جیهان، به‌شێكی راپۆرته‌كه‌ ته‌رخانكرابوو به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و تێیدا ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرێت، به‌وه‌ی له‌ ساڵی 2018دا پێشێلكاری دژ به‌ مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌نجامداوه‌.

 له‌وباریه‌وه‌ ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 20ی ئایاری 2019) دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ وه‌ڵامی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاى دایه‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: له‌ راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌وڵدراوه‌ پێگه‌ و كرداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم تێكه‌ڵ به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندى بكرێت و هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك به‌ قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی جوگرافی له‌ ناوچه‌كه‌ نادات".

ده‌شڵێت: "ئاڕاسته‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت له‌سه‌ر هه‌رێم به‌بێ بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو پێشینه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و زۆرێك له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له‌ هه‌نگاو ‌و كرداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ندین تۆمه‌ت ده‌ده‌نه‌ پاڵ حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌م راپۆرته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌یان پێكراوه‌ له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی نوسراوه‌".

له‌ به‌شێكی تری وه‌ڵامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌: سه‌باره‌ت به‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ی روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ كه‌ كاری له‌شفرۆشیان پێبكرێت ده‌توانین بڵێین، تاكو ئێستا ده‌زگای داواكاری گشتی له‌م حاڵه‌ته‌دا ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام قسه‌ هه‌یه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ گوایه‌ هه‌ندێ ڕێكخراوی نێوه‌ده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure