داوادەکرێت دوو ناوچە لەژێر دەستی پێشمەرگە دەربهێنرێن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 9345‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

راكان جبوری، پارێزگاری كاتیی كەركوك نوسراوێكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردوە و داوادەكات ناحیەكانی قەرەهەنجیر و شوان و سەرگەڕان بگەڕێنرێنەوە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی پێشكەوتوی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك کە دووان لەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان.


هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2019 بەدواڕۆژی رایگەیاند: راكان جبوری داوایكردوە هەموو ئەو شوێنانەی لەڕووی ئیداریەوە سەر بەپارێزگای كەركوكن لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی پێشكەوتوی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكدا بن كە مەبەستی ناحیەی قەرەهەنجیر و شوانە و لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان لەگەڵ ناحیەی سەرگەڕان كە سەر بەفەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی سەڵاحەدینە.

وتیشی: "ئەو داوایە لەلایەن لیژنە باڵاكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگرییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت نەوەكو راكان جبوری كە سەرجەم بڕیارەكانی لەبەرژەوەندی پێكهاتەی عەرەبییە، بۆیە هەنگاوەكانی لەبارەی كەركوكەوە قبوڵنەكراوە".

ئەوەشی وت: "لەئێستادا حكومەتی هەرێم و بەغدا لەدانوستان سەبارەت بەدۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە دەکەن، هەروەها دانوستان لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراقیشدا هەیە هەرچەندە لیژنەی باڵا لەنێوانیاندا پێكهێنراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نە ئەو خاڵە هاوبەشانە دیاریكراوە كە تێدا بڕیارە بەیەكەوە بن، نە بیرۆكەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچە گەرمانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە خراوەتە بەرباس".

ئەوەشی خستەڕوو: كە راكان جبوری، پارێزگاری كاتیی كەركوك لەنوسراوەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە كە خۆیان خاوەنی زەوییەكانی سەرگەڕان دیاریدەكەن كە دەیەوێت گرێبەستەكانی سەردەمی سەدام بەكاربهێنن لەدژی خەڵكە رەسەنەكە، بۆیە پێمانوایە پارێزگار سەرئێشەیەكی گەورەیە بۆ پێكەوەژیان و ئاسایش و تەبایی نێوان پێكهاتەكان، لەگەڵ دەستبەكاربونیشیدا رەنگدانەوەی خراپی هەبووە و رەنگە لەدواڕۆژدا شارەكە بەئاقارێكی خراپدا ببات.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure