داوا لەهه‌رێم ده‌کرێت پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاورده‌کردنی مریشک بێت

هەواڵ / ئابوری :: 20/05/2019‌ :: 187‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د

به‌بڕیارێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هاتنه‌ناوه‌وه‌ی مریشک به‌ هه‌موو جۆره‌کانی قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت و داواکراوه‌ هه‌موو ده‌روازه‌ سنورییه‌کان پێوەی پابه‌ندبن.
 

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلیمانی له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: "به‌پێی بڕیاری سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق که‌ له‌ 18ی ئایار بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق واژۆی له‌سه‌ر کردوه‌، هاورده‌کردنی مریشک  و هێلکه‌ و ماسی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌ده‌کرێت".
 
وتیشی: "داوا له‌ته‌واوی ده‌روازه‌ سنورییه‌کان کراوه‌ که‌ په‌یوه‌ست بن به‌بڕیاره‌که‌وه‌، هه‌ر خاڵیکی سنوریی کار به‌و بڕیاره‌ نه‌کات ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و ماددی ده‌بێته‌وه‌".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "بڕیاره‌که‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ناوخۆی و به‌رهه‌می زۆری په‌له‌وه‌ر ده‌رکراوه‌ که‌ له‌ناوخۆی عێراقدا توانای ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پێداویستی به‌رهه‌می ناوخۆی مریشک دابینبکرێت".
 
له‌ئێستادا له‌سلێمانی 800 کێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری هه‌یه‌ که‌ خۆی له‌ 1250 هۆڵی به‌رهه‌مهێنانی مریشک ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌توانایاندا هه‌یه‌ به‌رهه‌می مریشکی ناوخۆ دابینبکه‌ن و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ش بکه‌ن.

سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که‌ په‌یوه‌ستبێت به‌و بڕیاره‌وه‌ که‌چه‌ندین ساڵه‌ ژووری بازرگانی چاوه‌ڕوانی بڕیارێکی له‌و شێوه‌یه‌یه‌.
 
نازم عه‌بدوڵا، جێگری سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌کانی سلێمانی له‌کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا رایگه‌یاند: "کارکردن به‌بڕیارێکی له‌و چه‌شنه‌ جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ و ئێمه‌ ساڵانێکی زۆره‌ چاوه‌ڕێین بڕیارێکی له‌و جۆره‌‌ ده‌ربکرێت".
 
وتیشی: "ده‌روازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان تائێستا به‌رهه‌می مریشکی به‌ستوو له‌ولاتانه‌وه‌ ڕێگه‌ی پێده‌ده‌ن بێته‌ ناوه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ به‌ سه‌دان هۆڵی به‌رهه‌مهێنانی مریشک کاره‌کانیان رابگرن و توشی زه‌ره‌ری زۆر ببن، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ هۆکار تا هۆڵه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی مریشک ده‌ستبکه‌نه‌وه‌ به‌ کارکردن و به‌رهه‌مه‌کانیان پاره‌ بکات و زیانیان پێنه‌گات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "هیوادارین که‌ خاڵه‌ سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش په‌یوه‌ستبن به‌و بڕیاره‌وه‌ تائێمه‌ش بتوانین به‌رهه‌می زیاتری مریشک به‌رهه‌م بهێنین".
 
له‌ماوه‌ی رابردودا حکومه‌تی عێراقی بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌ند به‌رهه‌مێکی ده‌رکرد که‌ له‌ناوخۆدا به‌رهه‌م دێن و توانای پڕکردنه‌وه‌ی بازاڕیان هه‌یه‌.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure