یەكێتی: ئێمە لەكەركوك نەماینایە دەبوو وەك قودس لەدوورەوە سەیر بكرایە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 526‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی لێدوانێكی پارێزگاری كاتی كەركوكی دایەوە و رایگەیاند: وەكو یەكێتی هیچ رێككەوتنێكی نهێنیمان لەگەڵ راكان جبوری ئەنجام نەداوە.


رەوەند مەلا مەحمود لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەگای مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی رایگەیاند: ئێمە وەكو یەكێتی لەكەركوك دەمێنینەوەو میللەتەكەمان بەجێناهێڵین، هەقە چیتر رێگە نەدەین خەڵك لەدوورەوە تانە لەشارەكە بدات، چونكە هێشتا كێشەكان زۆرن و باشترە كورد دەنگی یەكبخات.

وتیشی: "بەداخەوە یەكێك لەلێپرسراوانی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە مانەوەی یەكێتی لەكەركوك بۆ فرۆشتنی نەوتە بەتانكەر، ئێمەش دەپرسین ئەو كاتەی داعش لەسنورەكە بوو بەر لەوەی ریفراندۆم لەناوچەكە بكەن و گوێڕایەڵی نەسیحەتەكانی ئێمە نەبوون، ئێوە نەتاندەهێشت تەنانەت پۆلیسێكی یەكێتی لەپردەكەی بای حەسەن و هاڤانا تێپەڕێت و هەموو نەوتەكەتان برد و خەڵكی شارەكە سودیان لێی نەبینی".

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی راشیگەیاند: ئەوانەی پێیانوایە كەركوك داگیركراوەو موسڵ شامی شەریفە، ئێمە ئامادەین فەرموو سبەی بێ مەرج بگەڕێنەوە كەركوك با پارێزگارێكی كورد هەڵبژێرین و چیتر خەڵكی كورد لەم موعاناتەدا نەژیت، هەموو رۆژێك ئێمە لەسەر مناڵێكی كورد لەبەرگریداین، ئەگەر یەكێتی لەكەركوك نەمایەتەوە ئەوە وەكو قودسی لێدەهات و دەبوو لەدوورەوە كورد سەیری شارەكەی بكردایە.

داوا لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەم ئەوانەشی خۆیان بەبراوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەزانن، ئەگەر چارەسەری دۆخی كەركوكمان پێناكرێت با تەواوی بەرپرس و پەرلەمانتارەكانمان لەحكومەتی بەغدا بكشێنینەوەو بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق بكەین نەوەكو ژێربەژێر دانوستان بكەن و لەسەریشەوە تانە لەخەڵكی كەركوك و یەكێتی بدەن.

(دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایارى 2019) راكان جبورى پارێزگاری كاتیی كه‌ركوك له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی: "لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا هه‌یه‌ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و دانوستانیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان بوونی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا دانوستان ده‌ستیپێكردووه‌، له‌رێگه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌و حزبه‌وه‌ له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure