هادى عامرى هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر شه‌ڕى نێوان ئێران و ئه‌مريكا ده‌ربڕى

هەواڵ / عێراق :: 20/05/2019‌ :: 2429‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانى فه‌تح له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ى ئايارى 2019، هه‌ڵوێستى خۆى و ئيئتلافه‌كه‌ى له‌سه‌ر شه‌ڕى نێوان ئێران و ئه‌مريكا ده‌ربڕى و رایگەیاند: هه‌ركه‌سێك بيه‌وێت ئاگرى شه‌ڕ له‌ عێراق هه‌ڵبگيرسێنێت نه‌فامه‌ يان ده‌ستى ده‌ره‌كييه‌.


له‌ به‌ياننامه‌يه‌كه‌دا هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانى فه‌تح ده‌ڵێت: "به‌رپرسيارێتى نيشتمانى و ئاينى و مێژوویى هه‌موومان پابه‌ند ده‌كات، دێوه‌زمه‌ى شه‌ڕ يه‌كه‌م له‌ عێراق و دووه‌م له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌ دووربخه‌ينه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌، شه‌ڕ هه‌ڵبگيرسێت هه‌موومان ده‌سوتێنێت".

ده‌شڵێت: "هه‌ركه‌سێك هه‌وڵى هه‌ڵگيرسانى شه‌ڕ بدات له‌ عێراقه‌وه‌ نه‌فامه‌ يان ده‌ستى ده‌ره‌كى له‌ پشته‌وه‌یە، چونكه‌ هه‌موو لايه‌نه‌كان شه‌ڕيان ناوێت، نه‌ كۆمارى ئيسلامى ئێران شه‌ڕى ده‌وێت، نه‌ ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووكانى ئه‌مريكاش شه‌ڕى ده‌وێت".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: ئه‌وه‌ى پاڵنه‌رى شه‌ڕه‌ ته‌نیا قه‌واره‌ى زايۆنييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ هه‌موو عێراقييه‌كان ده‌كه‌ين، نه‌بنه‌ ئاگرى ئه‌و شه‌ڕه‌.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure