پرسی دانانی زەرفی كاغەز بۆ سەموون و نان هێشتا مشتومڕی لەسەرە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/05/2019‌ :: 409‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

هەفتەی رابوردوو قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا لەمەودوا سەمونخانە و نانەواخانەكان لەبری بەكارهێنانی عەلاگە، زەیرفی كاغەز بەكاربهێنن، شارەزایانی ژینگە ئەو كارە بۆ ژینگە بەباش دادەنێن، بەڵام نوێنەری سەمونخانە و نانەواخانەكان دوكانەكانیان هەڕەشە دەكەن.


ئەو بڕیارەی قایمقامیەتی سلێمانی لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی سلێمانییەوە پێشوازی لێدەكرێت، چونكە بەوتەی ئەوان عەلاگە یەكێك لەهۆكارەكانە بۆ تووشبوون بەنەخۆشی، سوبحان حسێن، وتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو بڕیارە كارێكی زۆر باشە، چونكە پێكهاتەی عەلاگە لەماددە پلاستیكییەكانە و حەوت جۆر ماددەی پلاستیكیش هەیە، بەڵام رەنگە پێكهاتەی عەلاگە بۆ ماددەی پلاستیكی كەمتر بێت، لەهەموو حاڵەتێكدا ئەو ماددە پلاستیكانە بۆ گەرما و ساردی زۆر ماددەیەك دەردەكات كە دەبێتەهۆی دروستبوونی نەخۆشی. 

هەرچەندە هێشتا بڕیارەكە بەتەواوی نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام رووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە بەتایبەتیش لەچۆنیەتی دابینكردنی زەرفی كاغەز.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو بڕیارە باشە، بەڵام تائێستا ئەو زەرفەی بۆ ئەو مەبەستە بەكاردێت لەكوردستان نییە و رەنگە بەهاوردەكردنیشی لەڕووی ئابوورییەوە گران بێت، بۆیە دەبێت لەكوردستان درووستبكرێت.

ناوبراو روونیكردەوە: دەبێت بەكارهێنانی زەرف، نەبێتەهۆی زیادبوونی كێشی نان و سەمون، چونكە ئەو كێشەی چەند ساڵێكە دانراوە هەموو نانەواخانە و سەمونخانەكان پابەندن پێوەی، ئەوانیش هەشت نان بەهەزار دینار، هەشت سەمون بەهەزار دینار كە ئەوانە كێشیان 120 تا 130 گرامن، نان و سەمونیش كە 10 دانەیان بە هەزار دینارە كێشیان 100 بۆ 105 گرامە، ئەو سەمونانەشی 16 دانەی بەهەزار دینارە كێشیان 60 بۆ 65 گرامە.

تائێستا یەك كارگەی دروستكردنی زەرف هەیە، وەكو سۆران ئاماژەی بۆ كرد، دەبێت وەبەرهێن و بازرگانان ئەو كارگەیە ببوژێننەوە، چونكە ئەو زەرفە بۆ یەكجار بەكاردێت، لەكاتێكدا لەدەرەوەی وڵات ئەو زەرفانە چەند جارێك بەكاردێن و تا بردنەوەشی بۆ شوێنەكە بڕێك پارە دادەنێن و دواتر پارەكەیان وەردەگرنەوە.

لەشاری سلێمانی زیاتر لە 200 نانەواخانە و زیاتر لە 100 سەمونخانە هەیە، نوێنەری ئەوانیش دژی ئەو بڕیارە دەوەستێتەوە و پێیوایە دەبێتەهۆی زەرەر بۆیان، هۆشداریش دەدەن كە لەحاڵەتی جێبەجێكردنی، دوكانەكانیان دادەخەن.

رزگار ئیبراهیم، نوێنەری نانەواخانەكانی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: باشە نان بخەنە زەرفەوە، ئەی زەرف لەكوێ بێنن؟ چونكە جگە لەنانی هاوڵاتیان، نانی شوێنە حكومییەكانیشیان هەیە و چ زەرفێك هەیە 30 نان بگرێت؟ كێشی نان 120 تا 125 گرامە، كەسێك 12 نانی دەوێت چۆن جێی بكاتەوە؟ بۆیە ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێكرا نانەواخانەكان دایدەخەن.

بەهەمانشێوە زانا ئەحمەد، نوێنەری سەمونخانەكان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت دەبێت دایبخەن، چونكە ئێستا بڕێكی زۆر كەم قازانج دەكەن، ئێستاش هەرچەندە زەرف نییە، بەڵام لەو كاتەدا دەبێت رۆژانە لانیكەم بایی نزیكەی 50 هەزار زەرفی كاغەز بكڕن كە بەهیچ شێوەیەك 50 هەزاریان دەستناكەوێت.

زانا وتی: "باج بۆتە دوو هێندە، مۆڵەت بەبێبەرامبەر بوو ئێستا 100 هەزار دەسەنن، كارەبا بۆتە دوو هێندە، فەرمانگەی دڵنیایی مانگانە 200 تا 250 هەزار دینار وەردەگرن، بۆیە تەنها پارەی هەوا ماوە بیدەین".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "ئێمەش ئامادەین بیكەین بەزەرف، بەڵام با حكومەت هاوكاریمان بكات باج و كارەبا لابدات و سووتەمەنیمان پێبدات".

دواڕۆژ بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەوڵیدا رای ئاوات محەمەد، قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی وەربگرێت، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure