داعش لەسووتاندنی خەڵكەوە بۆ ئاگر بەردان لەدەغڵ و دانەكەیان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/05/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


دوای مه‌ترسی تیرۆر به‌ گشتی و هەڕەشە ناوبەناوەكانی داعش، له‌ئێستادا مه‌ترسی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌ به‌رهه‌می گه‌نم و جۆی جوتیاران، بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ی ترسناكتر، هاوكات له‌به‌ر نادیاریی هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌، سه‌رجه‌م چین و توێژ و پێكهاته‌كانی عێراقی یه‌كتری تووشی بەدگومانی كردووە لەوی تر‌.

لەسه‌ره‌تای ئه‌م مانگی ئایاره‌وه‌، یه‌كه‌مین ئاگری ترسناك له‌ خه‌له‌ و ده‌غڵ و دانی جوتیاران له‌ قه‌زای مه‌خموری پارێزگای هەولێر كه‌وته‌وه‌، بەهۆیه‌وه‌ رووبه‌رێكی فراوانی له‌ به‌رهه‌می جوتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كرده‌ سوتماك.

كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌ پێنج پارێزگای عێراقی بۆته‌ دیارده‌ و مۆته‌كه‌ی سه‌ر دڵی جوتیاران، هه‌ڕەشه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆی گه‌نم و جۆی عێراق، پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیاله‌ و كه‌ركوك و نینه‌وا و نه‌جه‌فی گرتۆتەوە، كه‌ پارێزگای سەڵاحەدین زۆرترین به‌ركه‌وتووه‌ تا ئێستا، بەجۆریك به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی پارێزگای دیاله‌ تائێستا به‌هۆی ئاگره‌وه‌ نزیكه‌ی 400 بۆ 500 دۆنم گه‌نم و جۆ سوتاون.

جۆراوجۆریی و ناڕوونیی هۆكاری سوتانه‌كان، هاوڵاتیان و به‌رپرسانی عێراقی تووشی شۆك و دوودڵی له‌ بارودۆخه‌كه‌ و نیگه‌رانیی لەو هه‌لو‌مه‌رجه‌ كردووه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی عامر جه‌بر خه‌لیل پارێزگاری سەڵاحەدین، هه‌ندێك لایه‌نی تیرۆرستی به‌ هه‌ندێك جوتیاریان وتووه‌: "ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانیانیان پێنه‌ده‌ن، ئه‌وا به‌رهه‌می ئه‌مساڵیان ده‌ستوتێنرێت".

پارێزگاری سەڵاحەدین ئاشكراشیكردووە: ئامێری سوتاندنی گه‌نمی جوتیارانیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ دووره‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی مۆبایل و بۆمبی چێنراوه‌وه‌ ده‌سووتێنرێـت. ئەمە وەک ئاماژەیەک کە چەکدارانی داعش ئەم کارە دەکەن.

ئاگره‌كان له‌و پێنج پارێزگایه‌، ته‌نها خه‌له‌ و ده‌غڵ و دان ناسوتێنێت، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ رووبه‌رێكی تری گرته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك باخ و بێستانی گوندی بوجێلی له‌ باشوری پارێزگای سەڵاحەدین به‌ هۆكاری نادیار سوتان.

به‌و پێیه‌ی پارێزگای سەڵاحەدین زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌نجومه‌نی ریش سپییان و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی پارێزگاكه‌، دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان، خه‌میس جه‌باره‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دوێنێ له‌ كۆنگرەیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، داوی له‌ حكومه‌ت كرد, هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كان بدۆزێته‌وه‌، به‌ زووترین كات قه‌ره‌بووی جوتیارانی زیان لێكه‌وتوو بكاته‌وه".

خه‌میس جه‌باره‌ ئاشكراشیكرد: تا ئێستا هه‌زاره‌ها دۆنم له‌ به‌رووبوومی گەنم و جۆی جوتیاران سوتێنراون، هه‌موو رۆژێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ سیناریۆ و ناوچه‌ی جیاواز، به‌بێئه‌وی حكومه‌ت به‌دواداچوون بۆ هۆكاری ئه‌و ئاگره‌ بكات.

ئه‌و شێخه‌ عه‌شایه‌ره‌ی پارێزگای سەڵاحەدین ره‌خنه‌ی توندی له‌ حكومه‌ت گرت، كه‌ له‌ پڕۆسه‌ی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كاندا زۆر لاوازه‌، هاوڵاتیان به‌ ئامێری تایبه‌تی و سه‌ره‌تایی خۆیان رێگریی ئاگره‌كان ده‌كه‌ن.

له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی-ش فایه‌ق شێخ عه‌لی په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ تویتێكدا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2019 ، نووسیوێتی "بۆ ئه‌و ئاگره‌ی چه‌ند پارێزگایه‌كی گرتۆته‌وه‌ به‌رده‌وامیش ده‌بێت، دوژمنانی ده‌ره‌كی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ین، به‌ڵام میكانیزم و ده‌ستپێكی ئه‌و سوتاندنه‌ چییه‌، كێ ئه‌و كاره‌یان بۆ ده‌كات!".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌: رق و قین و ئیره‌یی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و ده‌ستدرێژی و داگیركردنی زه‌وی و ماڵ و پارووی حه‌رام، هه‌موو ئه‌م پیسییانه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌ناو ده‌بات، ده‌یتوێنێته‌وه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ محه‌مه‌د ئیقبال سه‌یده‌لی په‌رله‌مانتاری پارێزگای نه‌ینه‌وا و وه‌زیری پێشووی عێراق، له‌ راگه‌یەندراوێكدا بڵاویكردەوە: سوتانی گه‌نم به‌شێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ی تێكدانی فراوان، ژماره‌یه‌ك رووداوی نامۆی زۆر كه‌ وڵات به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌شێكه‌ له‌ سیاسەتی چۆكپێدادان كه‌ زیاتر له‌ لایه‌نێك پێی هه‌ڵده‌ستن.

جه‌خیشده‌كاته‌وه‌: حكومه‌تی ئێستا كێش و هۆشیاری خۆی له‌ده‌ستداوه‌، یان خۆی وانیشانده‌دات، ناتوانێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا راشكاو بێت.

ده‌شپرسێت: كێ گره‌و له‌سه‌ر بێده‌نگی خه‌ڵك ده‌كات، له‌سه‌ر رزق و رۆزییان؟

هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان پرس ئاراس حه‌بیب په‌رله‌مانتار له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، باس له‌وه‌ ده‌كات، ناكرێت هه‌ر بڵێین سوتانی به‌رهه‌می جوتیاران ده‌ستی ئه‌م و ئه‌وی تیایه‌، وه‌ك چۆن چه‌ند مانگی پێشتر بۆ له‌ناوچوونی ماسییه‌كان وتمان، پێویسته‌ به‌دوای هۆكاره‌كه‌دا بگه‌ڕێین.

جه‌تیشده‌كاته‌وه‌: هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت ئابووری نیشتمانی بنیاتنه‌نرێت، به‌رهه‌می نیشتمانی كشتوكاڵی و سامانی ئاژه‌ڵ و دواتریش پیشه‌سازی كۆنه‌كرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌شده‌كات: مافیاكان له‌ پشتی ئه‌و كاره‌وه‌ن و پاڵپشتی ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌یانه‌وێت وڵات‌ ته‌نها بازاڕێك بێت بۆ كاڵا و شمه‌كی هاورده‌ی وڵاتان، ئه‌وه‌ی رووده‌دات هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدییه‌ پێویسته‌ رێوشوێنێكی بۆ بگیرێته‌به‌ر له‌ ئاستی مه‌ترسییه‌كه‌دا بێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure