هاتوچۆى ئۆتۆمبێل لە بازاڕ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 393‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

نێو بازاڕى شارى كه‌لار كۆنترۆڵ و رێكده‌خرێته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ دیاریكردنى شوێن بۆ عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆى ئۆتۆمبێل و زیاتركردنى ئه‌ندامانى لیژنه‌ ئه‌منییه‌كان. 


شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌هۆى مانگى ره‌مه‌زانه‌وه‌ دوكانه‌كانى بازاڕى گه‌وره‌ى شارى كه‌لار كراوه‌یه‌ و خه‌ڵكى سه‌ردانى بازاڕ ده‌كه‌ن، عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕ و ئۆتۆمبێلى زۆر و تێكه‌ڵاوى فرۆشیاران سیمایه‌كى ناشارستانى و كێشه‌ و گرفتى بۆ هاووڵاتیان دروستكردبوو. 

وتیشى: "بۆ رێكخستنه‌وه‌ى بازاڕ و كۆنتڕۆڵكردنى له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بڕیاریانداوه‌ هاتووچۆكردنى ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل بۆ نێو بازاڕ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ بكرێت و عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كان به‌ دوورى یه‌ك مه‌تر له‌ شۆسته‌وه‌ ده‌توانن بێنه‌ سه‌ر شه‌قام و هه‌روه‌ها ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ئه‌منى له‌ ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسى هاتووچۆ زیاتر ده‌كرێت". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ به‌رده‌وامى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و لیژنه‌كانى خۆپاراستنى ته‌ندروستى له‌ نێو بازاڕدا پشكنین و گه‌ڕان ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ پاراستنى هاوڵاتیان له‌ خۆراك و خواردن و شتومه‌كى خراپ و به‌سه‌رچوو. 

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure