پێشبینی دەكرێت داهاتی گەشتیاریی جەژنی رەمەزان بگاتە ملیۆنان دۆلار

هەواڵ / ئابوری :: 20/05/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات هاتنی گەشتیاران بۆ كوردستان لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابوردوو زیاتر بێت، بەو پێیەی ساڵی رابوردوو زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار روویانكردە كوردستان.

نزیكەی دوو هەفتە ماوە بۆ جەژنی رەمەزان، دەستەی گەشتوگوزاریش لەم هەفتەیەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و كەرتی تایبەت پلان بۆ هێنانی گەشتیاری زیاتر بۆ كوردستان دادەڕێژن، جەژنی رەمەزانی ئەمساڵیش لەكاتێكدایە پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەئاستێكی باشدایە.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەم هەفتەیەوە كۆبوونەوە بۆ دانانی پلانی تایبەت بەئامادەكاری هاتنی گەشتیاران بۆ جەژنی رەمەزان دەكەن.

 

روونیكردەوە: کە چێشتخانەكان ئەمساڵ بەهۆی كەشی لەباری سیاسی و ئیداری نێوان هەرێم و بەغدا و هەرێم و وڵاتانی دەوروبەر، پێویستە لەجەژندا زیاتر بە رووی گەشتیاراندا بكرێنەوە.

بۆ جەژنی رەمەزانی ساڵی رابوردوو نزیكەی 250 هەزار گەشتیار هاتبوونە كوردستان كە زۆرینەیان گەشتیاری شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی دەكات ئەمساڵیش هاتنی گەشتیاران لەو ژمارەیە زیاتر بێت، بەڵام ناتوانن لەئێستاوە ژمارەكە بەجێگیری بزانن.

زیرەك عەبدولڕەحمان، خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە و بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: سێ رۆژ پێش جەژنی رەمەزان گەشتیار بەشێوەی گروپ دێنە كوردستان، پێشبینیش دەكەن ئەمساڵ گەشتیاری باشتر روو لەكوردستان بكەن، بەو پێیەی كوردستان ناوچەی گەشتیاری زۆری تێدایە و كەشوهەواش گونجاوە و باری ئەمنی سەقامگیرە.

ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لەجەژنەكاندا روو لەهاوینەهەواری دوكان دەكەن، بەڵام ئەمساڵ دوای جەژنی نەورۆز بەهۆی هاتنی شەپۆلی بارانبارینەوە بەشێكی زۆری كەپر و كابینە گەشتیارییەكانی ئەو هاوینەهەوارە ژێرئاو كەوتن و كەمترین گەشتیار لەوەرزی گەشتی بەهارە رووی تێكردن.

رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەگەڵ بەرپرسانی بەنداوی دوكان قسەیان كردوە و لەم هەفتەیەدا ئاستی ئاوەكە جێگیر دەبێتەوە و بەدڵنیاییەوە بۆ جەژنی رەمەزان 80% تا 85%ی كەپر و كابینەكان بۆ گەشتیاران ئامادە دەبن.

هەروەها موراد تەیب، خاوەنی شارێكی گەشتیارییە لەهاوینەهەواری دوكان  بەدواڕۆژی راگەیاند: 90%ی شارە گەشتیارییەكان هیچ كێشەیەكیان نەماوە و ئامادەن بۆ پێشوازی لەگەشتیاران.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاشكرایكرد: بەپێی خەمڵاندنەكانیان  هەر گەشتیارێك كە دێتە كوردستان 3 رۆژ دەمێنێتەوە و لەم ماوەیەشدا زیاتر لە 300 دۆلار سەرف دەكات. 

بەپێی ئەو خەمڵاندنە بێت ئەگەر ئەمساڵ 250 هەزار گەشتیار بۆ جەژنی رەمەزان روو لەكوردستان بكەن، داهاتیان دەگاتە نزیكەی 75 ملیۆن دۆلار كە ئەو داهاتەش دێتەوە بازاڕەكانی كوردستان.

خالید حەیدەر، پسپۆری ئابوری بەدواڕۆژی راگەیاند: لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان بەناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە و ئەو كەرتەش بۆ ئابوری گرنگە، ئەو ژمارەیەش لەڕووی داهاتی گەشتیاری كە بۆ جەژنی رەمەزان دەخەمڵێندرێت، ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە بازاڕەوە هێزی خواست لەسەر كاڵاكان دروست دەبێت.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەگەر ئەو داهاتە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی بێت ئەوا ئابوری كوردستان بەهێزتر دەكات، بەڵام ئەگەر داهاتەكە بۆ بەرهەمی هاوردەكراو بێت ئابوری ئەو وڵاتە بەهێز دەكات کە بەرهەمەکەی لێوە هاوردەکراوە.

بەلایەوە گرنگە لەهەرێمی كوردستان بوارێكی جێگرەوە بۆ نەوت هەبێت تا ببێتە سەرچاوەی پەیداكردنی پارە، تا لەو رێگەیەوە چیدیكە پشت بەنەوت و كەرتی حكومی نەبەسترێت، بۆیە گەشتیاری ئەو كەرتەیە و دەتوانرێت لەڕێگەیەوە داهات بەهێزتر بكرێت.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure