داوادەكرێت زەكات بدرێتە خانەی منداڵان و بەساڵاچوان

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 451‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی داوا لە خێرخوازان دەكات خێر و زەكاتەكانیان بدەنە ماڵەكانی (منداڵان و بەساڵاچووان)، بۆ ئەو مەبەستەش دوو ژمارەی بانكییان كردۆتەوە.


عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی ئەمڕۆ (19ی ئایاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: وەك بەشێك لە ئەركی چاكەكاری كۆمەڵگە و خێرخوازان، ئاگاداری هاووڵاتیان و چاكەكار و خێرەومەندانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكەنەوە كە دەتوانن خێر و زەكاتەكانیان ببەخشنە ئەژماری (كۆمەك و هاوكاری خێرخوازان) بۆ خزمەتی ماڵەكانی (منداڵان و بەساڵاچوان)ی سلێمانی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لەڕێگەی سیستمێكی زۆر شایستەوە پێشوازی لە هاوكارییەكان دەكات ئەویش بە دانانی زەكات و هاوكارییەكان لە ئەژماری (كۆمەك و هاوكاری خێرخوازان) كە بە ژمارە (7573) بۆ دینار و ژمارە (1730) بۆ دۆلاری ئەمریكی لە بانكی (ئاڵای هەرێم) تۆمارەكە دەكەوێتە بەرانبەر پاركی ئازادی.

ساڵانە لەمانگی رەمەزاندا بەشیک لەو كەسانەی دەوڵەمەندن یان باری ئابورییان باشە زەكات دەدەن، بەشێک لەهاووڵاتیانیش سەرفیترە دەدەن كە پێشتر ئەنجومەنی باڵای فیتوای هەرێمی كوردستان بڕی زەكات و سەرفیترەی دیاریكرد بەمشێوەیە، هەر موسڵمانێك بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار دیناری عێراقی هەبێت و ساڵی بەسەردا بڕوات، پێویستە لەهەر ملیۆنێك بڕی 25 هەزار دینار زەكات بدات، بڕی سەرفیترە و فیدیەش 2 هەزار و 500 دیناری عێراقییە بۆ هەر كەسێك.

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure