لە دوو ڕۆژدا 400 دۆنم زه‌وى چێندراوی جوتیارانی کورد سوتێندراون

هەواڵ / ئابوری :: 19/05/2019‌ :: 173‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن  


له‌ خانه‌قین له‌گه‌ڵ وشكبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌ى گه‌نم و جۆ، له‌ ماوه‌ى ته‌نیا دوو رۆژدا 400 دۆنم زه‌وى جوتیارانى گونده‌ كورده‌كانى خانه‌قین سوتێندراون و جوتیارێكیش بۆشایى ئه‌منى و جمۆجۆڵى چه‌كدارانى داعش به‌ هۆكار ده‌زانێت. 

ته‌ها ره‌حمان، جوتیارێكى كوردى دانیشتووى یه‌كێك له‌ گونده‌كانى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ته‌نیا له‌ ماوه‌ى دوو ڕۆژى رابوردوودا به‌هۆى كه‌وتنه‌وه‌ى چه‌ند ئاگرێكه‌وه‌ زیاتر له‌ 400 دۆنم به‌رهه‌مى گه‌نم و جۆى جوتیارانى كورد له‌ گونده‌كانى موباره‌ك و دارا و ئه‌حمه‌د ته‌یب سوتێندراون. 

وتیشى: "كه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگرانه‌ له‌م كاته‌دا ڕوون و ئاشكرایه‌ و په‌یوه‌ندى به‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌ دروستبووە و چه‌كدارانى داعش به‌ ئاره‌زووى خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌دا جموجۆڵ ده‌كه‌ن و كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌روبوومى جوتیارانیش ده‌سوتێنن". 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ دیار شه‌كه‌وت، به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌باره‌ى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگر له‌ نێو به‌روبوومى جوتیارانى سنووره‌كه‌دا كه‌ چه‌ند حاڵه‌تێك تۆماركراوه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ سه‌ره‌داوێك ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ و هۆكاره‌كه‌ى نادیاره‌.

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure