راكان جبوری: دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى ده‌ستیپێكردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 378‌ جار بینراوە
راكان جبورى، پارێزگاری كاتی كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

پارێزگاری كاتیی كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت: رێوشوێنه‌كانی گوندی په‌ڵكانه‌ یاساییه‌ و هه‌ر لایه‌نێكیش هه‌ست به‌ سته‌م ده‌كات ده‌توانێت له‌دادگا سكاڵا تۆماربكات، هه‌روه‌ك بەشێک لە دانیشتوانی كوردی گونده‌كه‌ش به‌ ئێرانی و سوری وه‌سف ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ دانوستانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى ده‌ستپێكردووه‌.


راكان جبورى، پارێزگاری كاتیی كه‌ركوك (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایارى 2019) له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی كێشه‌كانى گوندی په‌ڵكانه‌ له‌سنورى ئه‌و پارێزگایه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گوندی په‌ڵكانه‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی شمه‌رن و له‌دایكبوی قه‌زای دوبز و سه‌رگه‌ڕانن، ماده‌ی 140ی ده‌ستور نه‌یگرتونه‌ته‌وه‌ و دادگاكانیش به‌پێی ماده‌ی 117ی گرێبه‌ستی كشتوكاڵی زه‌وییه‌كانی بۆ گه‌ڕاندونه‌ته‌وه‌.

وتیشى: "هه‌ر كه‌سێك هه‌ست به‌ سته‌م ده‌كات له‌ بڕیاره‌كان ده‌توانێت بچێته‌ دادگا و كێشه‌كه‌ی یه‌كلاییبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌شی ئێستا هه‌یه‌ گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌یه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن".

له‌ماوه‌ى رابردوودا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر زه‌وى و موڵكى ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانى كورد له‌ گوندى په‌ڵكانه‌. 

راكان جبورى ئه‌وه‌شى وت: "به‌شێك له‌و خێزانانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كانی په‌ڵكانه‌ دانیشتوون بریتى بوون له‌ 13 خێزان كه‌ حه‌وت خێزانیان خه‌ڵكی شاری مه‌هاباتی  ئێرانن و دوو خێزانیان خه‌ڵكی مه‌خمور و دووانه‌كه‌شی دیكه‌ش خه‌ڵكی هه‌ولێرن، تیایاندا هه‌یه‌ ناسنامه‌ی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ و چوا خێزانشیان خه‌ڵكی سوریان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا هه‌یه‌ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و رونشیكرده‌وه‌ كه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان بونی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا دانوستان ده‌ستیپێكردووه‌ له‌رێگه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌و حزبه‌وه‌ له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق.

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure