به‌رپرسێكى توركمانی: له‌وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاری بێبه‌شكراوین

هەواڵ / کوردستانی :: 20/05/2019‌ :: 180‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


توركمانەکانی هه‌رێم پاكێجێك ده‌ده‌نه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و داوای پۆستێكی باڵا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و چه‌ند پۆستێكی دیكه‌ ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی فراكسیۆنێكی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ش له‌په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت: "له‌ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاری بێبه‌شكراوین".

 
(رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئایار) 11 حیزب و لایه‌نی توركمانی له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی توركمان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، عیماد ره‌فعه‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنی هه‌ولێری توركمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌كو 11 حیزبی توركمانی جه‌خت له‌سه‌ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌شداری كارای توركمان له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تدا.

وتیشی: "پۆستی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به‌ توركمان دراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌لای حیزبه‌ توركمانییه‌كان واته‌ بێبه‌شكردن له‌ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی هه‌رێم".

عیماد ره‌فعه‌ت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: حیزبه‌ توركمانییه‌كان داواده‌كه‌ن ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كاروباری توركمان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دروستبكرێت، هه‌روه‌ها پۆستێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ توركمان بدرێت له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌ر و راوێژكارێكی توركمان، به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانیان ئه‌وا هه‌ڵوێستیان ده‌بێت.

توركمان به‌ سیستمی كۆتا، پێنج نوێنه‌ری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌ و له‌سه‌رجه‌م كابینه‌ وەزارییه‌كانی هه‌رێم به‌ پێدانی پۆستێكی وه‌زاری به‌شدارییانپێكراوه‌.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure