روفاتى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ماوه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 249‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم شاندێكى باڵاى ناسینه‌وه‌ى گۆڕه‌ بەكۆمه‌ڵه‌كان ده‌نێرێته‌ پارێزگاى سه‌ماوه‌ و وته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ده‌ڵێت: روفاته‌كان بۆ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و پشكنین بۆ روفاته‌كانى دیكه‌ش ده‌كرێت.


پاش ئه‌وه‌ى له‌ 12ى نیسانى رابردوو ئەحمەد مەنفا جەودە، پارێزگاری موسەننا رایگه‌یاند: گۆڕێكی بەكۆمەڵی سەردەمی رژێمی دیكتاتۆری سەدام حسێن لە بیابانی سەماوە دۆزراوەتەوە، كە هاوڵاتیانی كوردی تێدایە، (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایارى 2019) شاندێكى هه‌رێم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆڕه‌كان سه‌ردانى ئه‌و پارێزگایه‌ى كرد.

فوئاد عوسمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەی لە پارێزگای موسەننا دۆزراوەتەوە، هاوڵاتیانی كوردی تێدایە، به‌ڵام تائێستا ژمارەی قوربانییەكانی گۆڕه‌كه‌ نەزانراوە.

وتیشى: "شانده‌كه‌ى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان به‌هاوكارى دەزگای شەهیدانی بەغدا ئەو روفاتانە ده‌ردێنێت، دواتر نموونەیان بۆ پزیشكی دادوەری بۆ پشكنینی (دی.ئێن.ئەی) دەنێرێت بۆ ناسینەوەی ناسنامەیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌رێم".

به‌پێى راپۆرتى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى هه‌رێم پێشبینی ده‌كرێت زیاتر له‌ 13 گۆڕى دیكه‌ى كورد له‌ سه‌ماوه‌ مابێت.

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure