لێدوانی كەشناسی سەبارەت بەكۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 6395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

به‌پێى پێشبینیه‌كانى كه‌شناسى تا سبەینێ شەپۆلی ناجێگیری كەشوهەوا و بارانبارینی پچر پچڕ بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرماش بۆ چەند پلەیەكی دیكە دادەبەزن.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی (ئەمڕۆ يەكشەممە 19ی ئایاری 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: لە كاتەكانی دوێنێوە لە شارەكانی كوردستان باران باریوە، بەڵام لەبەرئەوەی تائێستاش لە وەرزی بەهارین و كەشوهەوای بەهار بەردەوامە بۆیە بەخێرایی كەشوهەوا دەگۆڕێت، بەڵام تا سبەینێ ئەم شەپۆلە بەردەوام دەبێت و لە سبەینێوە كاریگەری ئەم ناجێگیربوونی كەشوهەوایە بەرەو لاوازبوون دەڕوات.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەگەری هەیە پلەكانی گەرما بۆ چەند پلەیەك داببەزێت بەراورد بەچەند رۆژی رابردوو كە لەپارێزگای سلێمانی 35 پلە تۆماركرابوو، لە رۆژانی رابردوو شارەكانی ناوەڕاست و باشوور گەیشتبووە سەرووی 40 پلەی سەدی.

لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاسمانی سلێمانی بارانبارین و رەشەبا و هەورە بروسكەی بەخۆوە بینیوە و تائێستاش بەردەوامە.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure