لیژنه‌یه‌كى هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 19/05/2019‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز


وابڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو لیژنه‌ى كشتوكاڵى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ تاووتوێى كێشه‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بكات.   

 
عوسمان كانی كورده‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌كه‌مان سه‌ردانی به‌غدا بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه‌".

وتیشی: "به‌دوو مه‌به‌ست ده‌چینه‌ به‌غدا  كه‌ یه‌كه‌میان زیادكردنی رێژه‌ی گه‌نمی جوتیارانه‌ و دووه‌یش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی پێشوى پاره‌ى گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمە كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌".

ئەوەشی وت: "نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵى هه‌رێمیش یاوه‌رى شانده‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن بۆ به‌غدا". 

شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران له‌ساڵی 2014  تاوه‌كو ساڵی 2016 له‌لایه‌ن حوكمه‌تی عێڕاقه‌وه‌ به‌ جوتیاران نه‌دراوه‌ و ئه‌مه‌ش گرفتی له‌به‌رده‌م جوتیارانی هه‌رێم دروستكردوه‌ و داواده‌كه‌ن به‌دواداچوون بۆ شایسته‌ داراییه‌كانیان بكرێت و وه‌رگرتنی رێژه‌ی گه‌نمیش له‌لایه‌ن حوكمه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌رزبكرێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئاستی زۆری به‌رهه‌مه‌كه‌یان بگونجێت.

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure