له‌باره‌ى گرانبوونى نرخى ده‌رمان ته‌ندروستى روونكردنه‌وه‌ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر


له‌باره‌ى دەنگۆی زیادبوونی نرخى دەرمان لە دەرمانخانەکانی هەرێم، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت: هەرزانبازاڕی لە کەرتی دەرماندا نایاساییە، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکان و نەخۆش.


ده‌مه‌زراوه‌ى كوالیتى كۆنترۆڵى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى نرخى ده‌رمان له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ 19ئایار، بڵاویكردۆته‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: هەرزانبازاڕی لە کەرتی دەرماندا نایاساییە، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکانی تر لەلایەک و نەخۆش لەلایەکی تر، ئەنجامەکەشی قۆرخکاری و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر دەبێت، هەروەها گرانبازاڕی و زیادکردنی نرخ لەسەر دەرمانیش هۆکاری زۆری هەیە له‌وانه‌ چاوچنۆکی بازرگانەکان و نەبوونی چاودێرییە لەسەر نرخی دەرمان لەبازاڕ.

ده‌قى ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌:

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی زیادبوونی نرخ لە دەرمانخانەکانی سلێمانی و کوردستان لەلایەن هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوکرایەوە .
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەوڵی یەکنرخی و ڕێکخستنی نرخی دەرمان دەدات بەگوێرەی ئەو ستانداردانەی لەوڵاتانی دەوروبەر وەک (ئوردن ، لوبنان و سعودیە) جێبەجێدەکرێن ، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە جیاوازی نرخ و قۆرغکاری بازاڕ. چونکە لەناو بازاڕی دەرمان کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکان خۆیان یاری بە نرخ دەکەن ، بەشێکیان نرخی دەرمانیان گرانە و بەشێکی تریان نرخیان هەرزانە، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر کەرتی دەرمان دروستکردووە و متمانەی هاونیشتیمانیانی بە دەرمان کەمکردۆتەوە.
ئەو دەرمانخانانەی نرخی دەرمان تیایاندا هەرزانە بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە ، لەوانە:
یەکەم : ئەو جۆرە دەرمانخانانە خەرجیان کەمە.
دووەم: هەندێک دەرمانخانە ئۆردەری زۆر داوا دەکەن و شیرینی لە کۆمپانیاکان وەردەگرن ، بەمەش نرخی دەرمانی پێدادەشکێنن.
سێهەم: بەکاریگەری شوێن و نرخ بەشێک لەدەرمانخانەکان فرۆشێکی زۆریان هەیە کە بۆ ڕاکێشانی کڕیاری زیاتریش قازانجیان و نرخیان زۆر کەم دەکەنەوە.
هەرزانبازاڕی لە کەرتی دەرماندا نایاساییە چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکانی تر لەلایەک و نەخۆش لەلایەکی تر، ئەنجامەکەشی قۆرغکاری و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر دەبێت.
هەروەها گرانبازاڕی و زیادکردنی نرخ لەسەر دەرمانیش هۆکاری زۆری هەیە ، گرنگترین هۆکارەکان چاوچنۆکی بازرگانەکان ، نەبوونی چاودێریە لەسەر نرخی دەرمان لەبازاڕ ، ئەنجامەکەشی قورسکردنی ئەرکی سەر شانی هاونیشتیمانیانە.
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA لەرێگەی بەشی تۆمار_هۆبەی نرخدانان لەڕێی لیژنەیەکی باڵا لە دەرمانسازان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەڵمەتی یەکخستن و ڕێکخستنی نرخی دەرمانی لەسەر ستانداردێکی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە بە ئامانجی نەهێشتنی قۆرغکاری و گرانبازاڕی و جیاوازی نرخ. دامەزراوەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) لە هەموو شوێنە دەرمانسازیەکان دیاریدەکات ، لە:
١_ کۆمپانیاکان.
٢_ کۆگاکانی دەرمان.
٣_ دەرمانخانەکان.
ئەو ستانداردانەی KMCA پشتیپێدەبەستێت و بەکاریدێنێت بۆ یەکسختنی نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) :
١_ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) کە کارگەی بەرهەمهێنەر دەیفرۆشێتە کۆمپانیای هاوردەکار لە کوردستان.
٢_ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) لە وڵاتی بەرهەمهێنەر.
٣_ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) لە وڵاتانی دراوسێ وەک (ئوردن ، لوبنان ، سعودیە).
٤_ نرخی CIF : بریتیە لەو نرخەی کۆمپانیای هاوردەکار لە کارگەی بەرهەمهێنەر تا دەگاتە کوردستان (بە نرخی کارگە و سەرجەم تێچوەکانی گواستنەوە).
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا دامەزراوەی کوالیتی کۆنتڕۆڵ لەسەر چەند ئاستێک نرخی دەرمانی کەمکردووە و ڕێکخستووە بەم شێوەیە:
١_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخەکانیان بە بڕی زیاتر لە ١٠٠% کەمکراوەتەوە.
٢_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخەکانیان بەبڕی ٥٠ – ٩٩ % کەمکراوەتەوە.
٣_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخەکانیان بە بڕی ٥٠ % کەمکراوەتەوە.
٤_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخیان نەگۆڕاوە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کوالیتی کۆنتڕۆڵ نرخی دەرمانی زیادنەکردووە بەڵکوو ڕێکخستن و یەکنرخی دەرمانە و نەهێشتنی قۆرغکاری بازاڕە بەناوی هەرزانی و خێرخوازی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure