"ساڵانه‌ نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار پاره‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌ بەهەدەر ده‌درێت"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 538‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سه‌نگین خۆشناو

ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌وڵه‌مه‌ند و چینی مامناوەند یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی ئیسلام په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن كه‌ زه‌كاته‌، واتا به‌خشینی به‌شێكی سامانه‌كانیانه‌ به‌ هه‌ژاران، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف دەڵێت: "ساڵانه‌ نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار پاره‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌ له‌ هه‌رێم ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرێت و خه‌ڵكی هه‌ژار سوودی لێ نابینن".


مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌ ساڵی 2010وه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی پلانی دامه‌زراندنی سندوقی كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌یان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ و چه‌ندین جاریش گفتووگۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ چۆن ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی ساڵانه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ شێوازێكی ڕێك و پێك به‌ هه‌ژاران بدرێت كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار پاره‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرێت و خه‌ڵكی هه‌ژار سوودی لێ نابینن.

مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، له‌باره‌ی چۆنیه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌ وتی: "له‌ نووسراوه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌ن وەزیران كراوه‌ پێشنیارمان كردووه‌ كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌و سندوكه‌ به‌ڕێوه‌ببات و حكومه‌تیش چاودێری بكات، به‌ڵام له‌ ساڵی 2010وە ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وا رێژه‌ی هه‌ژاری زۆر كه‌مده‌بێته‌وه‌".

وتیشی: "مه‌رج نییه‌ زه‌كات و سه‌رفیتره‌كه‌ ته‌نیا پاره‌ بێت، به‌ڵكو هه‌یه‌ كه‌لوپه‌له‌ و زێڕیشه‌، بۆیه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێویستی به‌ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و كه‌لوپه‌ل و پاره‌یەی كه‌ به‌شێوازێكی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌به‌خشرێن، به‌ میكانیزمێكی ڕێك و پێك دابه‌ش بكرێن".

حاجی نایف، دەوڵەمەندێکی خه‌ڵكی هه‌ولێره‌ کە کاری بازرگانی دەکات، سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ پاره‌یەی كه‌ وه‌ك زه‌كات ساڵانه‌ ده‌یبه‌خشێت، به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: هه‌موو ساڵێك له‌ سه‌ره‌تای ڕه‌مه‌زان جه‌ردی خۆم ده‌كه‌م و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ جیاده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ماڵی هه‌ژارانه‌ و ماڵی من نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ خودا وای داناوه‌، بۆیه‌ له‌ نزیكترین كه‌سه‌كانی خۆم ده‌ستپێده‌كه‌م، ئینجا خه‌ڵكی دیكه‌.

حاجی نایف ده‌شڵێت: "ڕۆژانه‌ خه‌ڵك سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك شیاو نییه‌، تایبه‌ت سواڵكه‌ره‌كان كه‌ ئه‌وه‌ پیشه‌یانه‌ و هه‌ژار نین".

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure