ئەمریكا دڵنیایی دەداتە هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 731‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەمریكا دڵنیایی داوەتە هەرێمی كوردستان كە هەرگیز كونسڵخانەكەیان لە هەولێر داناخەن.


لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستان (ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی ئایاری 2019)  بانگهێشتی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و كۆبوونەوەكیان ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق و ناوچەكە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش، رێبوار عەبدولرەحیم عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لیژنەكەیان لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و عێراق چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە و ئەویش سەرجەم پرسیارەكانی وەڵامداونەتەوە و رایگەیاندووە كە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر دەڕوات.

وتیشی: "لەبارەی داهاتووی ناوچەكە و ئەو دۆخەی ئێستا لە نێوان ئەمریكا و ئێران دەگوزەرێت، قسەكانی بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكومەت دلخۆشكەر بوون و ئەمریكاش بەڵێنیداوە كە كونسڵخانەكەی لە هەولێر داناخات و بەردەوام پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دەبێت".

ئەوەش لە كاتێكدایە لەدوای سەرهەڵدانی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لێكدانەوەی جیاواز بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەکرێت، باس لەوەش دەکرێت بەرپرسانی كورد هەوڵی بێلایەنی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدەن لەناوچەكەدا.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure