که‌سوکاری سێوه‌ قادر داوای ته‌میزکردنه‌وه‌ی بڕیارێکی دادگا ده‌که‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 6658‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف


که‌سوکاری (سێوه‌ قادر) دژی ئازادکردنی تۆمه‌تباری دووه‌م له‌ که‌یسی کچه‌که‌یان، ته‌میزی بڕیاری دادگایان کردۆته‌وه‌ و داوای ده‌ستگیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ده‌که‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌کانی دواڕۆژ، له ماوه‌ی رابردوودا که‌سوکاری (سێوه‌ قادر) له‌دادگای تاوانه‌کانی سلێمانی/1 داوای پێداچوونه‌وه‌یان به‌بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۱ کردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئازادکردنی (س.م) تۆمه‌تباری دووه‌م له‌ که‌یسه‌که‌. 

به‌ وته‌ی پارێزه‌ره‌که‌ی ( رۆژی دووشەممە 22ى مانگی رابردوو) دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۱، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەدژی، پاڵپشت بە ماددەی 130 بڕگەی (ب)، لە یاسای بنەمای دادگای سزایی، تۆمەتباری دووەم لە کەیسی سێوە قادر-ی ئیفراج و ئازادکر و دۆسیەکەشی داخست.

 سامی ساتی پارێزه‌ری ئه‌و تۆمه‌تباره‌ (ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌سه‌ر هه‌ر بڕیارێکی دادگا سکاڵاکار بۆی هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی مانگێکدا ته‌میزی بکاته‌وه‌، که‌سوکاری سێوه‌ قادر-یش له‌ڕێگه‌ی بریکاره‌که‌یانه‌وه‌ داوای پێداچووه‌نه‌وه (ته‌میز)‌یان کردووه‌.

وتیشی: "که‌سوکاری سکاڵاکار پێیوایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌، بۆیه‌ به‌ سیفه‌تی پێداچوونه‌وه‌ داوایان له‌ داگای تاوانه‌کانی سلێمانی /1 کردووه‌، که‌ ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی/1 هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و دووباره‌ بڕیاربداته‌وه‌ به‌ ده‌ستگیرکردنه‌وه‌ی تۆمه‌تبار (س.م)، به‌ڵام هێشتا بڕیاری دادگای بۆ ده‌رنه‌چووه"‌.

سامی ساتی بریکاری تۆمه‌تباره‌که‌ وتیشی: "پێمانوایه‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی/1، بڕیارێکی پێشوه‌خته ‌نیه، به‌ڵکو ‌بڕیارێکی ته‌واو یاساییه‌، چونکه‌ له‌ سه‌رجه‌م لێکۆڵینه‌وه‌کانیدا دادگا، هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی له‌ دژی (س.م) نه‌بوو، بۆیه‌ بڕیاری ئیفراجکردن و ئازادکردنیدا".

ئێواره‌ی 16ی کانوونی یه‌که‌می ساڵی رابردوو به‌هۆی ئاگرێکی گوماناوی‌ له‌ماڵێکی گه‌ڕه‌کی ئاسووده‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سێ منداڵ به‌ناوه‌کانی (دارین و لارین و ده‌وه‌ن)، که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدابوو گیانیان له‌ده‌ستدا و دایکیشیان به‌ناوی (سێوه‌ قادر) دوای هه‌فته‌یه‌ک ‌مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی زۆری و سه‌ختی برینه‌که‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 24ی هه‌مان مانگ گیانی له‌ده‌ستدا، به‌ تۆمه‌تی ئه‌و که‌یسه‌ (د.م) مێردی سێوه‌ ده‌ستگیرکراوه‌.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure