په‌یامێك له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا بۆ خوێندكارانی پۆلی 12

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 1071‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێم ئه‌و حاڵه‌تانه‌ دیارده‌كه‌ن كه‌ تیایدا خوێندكارانی پۆلی 12ى ئاماده‌یی لەکاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا ده‌توانن رۆژیان بشكێنن ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ به‌شێك له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانى ئه‌و قۆناغه‌ دەكه‌وێتە مانگى ره‌مه‌زانه‌وه‌. 


ته‌نها حه‌وت رۆژ ماوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵ بۆ خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی و ئه‌و ساڵانه‌شی كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناو مانگی ره‌مه‌زان به‌هۆی زۆری كۆششكردنه‌وه‌ خوێندكاران تووشی دڵه‌ڕاوكێ و ده‌بن. 

مه‌لا محه‌مه‌د ئێنه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێم (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێویسته‌ له‌سه‌ر خوێندكار رۆژانه‌ به‌ڕۆژووبوونه‌كه‌ی به‌رده‌وامبێت تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی هه‌ستده‌كات كه‌ به‌هۆی زۆری سه‌عی كردنه‌وه‌ تووشی بێتاقه‌تی و بێزاری زۆر ده‌بێت و زیان به‌ ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وكاته‌ رێگه‌ی پێدراوه‌ رۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ بكرێته‌ بیانو بۆ رۆژوشكاندن.
 
هاوكات ئه‌حمه‌د شافیعی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌حاڵه‌تێكدا گه‌ر مرۆڤ نه‌یتوانی به‌ڕۆژوو بێت شه‌رع رێگه‌ی پێداوه‌ به‌ڕۆژوو نه‌بێت، یه‌كێكیش له‌وانه‌ی كه‌ رێگه‌ی پێدراوه‌ به‌ڕۆژوو نه‌بێت كاری قورس و ئه‌سته‌مه‌، تاقیكردنه‌وه‌كانیش یه‌كێكه‌ له‌و كاره‌ قورسانه‌، چونكه‌ خوێندكار ده‌بێت كتێبه‌كانی موراجه‌عه‌ بكاته‌وه‌ و هیلاك و ماندوو ده‌بێت، بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌و خوێندكاره‌ی كه‌ به‌هۆی سه‌عیكردنه‌وه‌ بێتاقه‌ت ده‌بێت و گه‌ر له‌سه‌ر رۆژوه‌كه‌ی به‌رده‌وام بیت زیان به‌ نمره‌كانی بگه‌یه‌نێت ئه‌وكاته‌ به‌ڕۆژو نه‌بێت و له‌كاتێكی تردا رۆژوه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure