هاورده‌کردنی هه‌موو به‌رهه‌مێکی مریشک قه‌ده‌غه‌کرا

هەواڵ / ئابوری :: 19/05/2019‌ :: 2376‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د

به‌ بڕیارێکی په‌رله‌مانى عێراق هاتنه ‌ناوه‌وه‌ی مریشک به‌ هه‌موو جۆره‌کانی قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت و داواکراوه‌ هه‌موو ده‌روازه‌ سنورییه‌کان پابه‌ندبن پێوه‌ی.


وه‌سفی خه‌لیل، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: به‌پێی بڕیاری سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق که‌ له‌ 5/18 بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق واژۆی له‌سه‌ر کردووه‌، هاورده‌کردنی مریشک به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه ‌ده‌کرێت.

وتیشی: "به‌پێى بڕیاره‌كه‌ داوا له‌ ته‌واوی ده‌روازه‌ سنورییه‌کان كراوه‌ که‌ په‌یوه‌ستبن پێوه‌ی و هه‌ر خاڵێکی سنوریی کار به‌و بڕیاره‌ نه‌کات، رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و ماددی ده‌بێته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "بڕیاره‌که‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ناوخۆیی و به‌رهه‌می زۆری په‌له‌وه‌ر ده‌رکراوه‌ که‌ له‌ناوخۆی عێراقدا توانای ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پێداویستی به‌رهه‌می ناوخۆیی مریشک دابینبکرێت".

هاوكات نازم عه‌بدوڵا، جێگری سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌کانی سلێمانی به‌ دواڕۆژی وت: "کارکردن به‌بڕیارێکی له‌و چه‌شنه‌ جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ و‌ ئێمه‌ سالانێکی زۆره‌ چاوه‌ڕێین بڕیارێکی له‌و چه‌شنه‌ ده‌رکرێت".

وتیشی: "ده‌روازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان تائێستا به‌رهه‌می مریشکی به‌ستو له‌وڵاتانه‌وه‌ رێگه‌پێده‌ده‌ن بێته‌ ناوه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ به‌ سه‌دان هۆڵی به‌رهه‌مهێنانی مریشک کاره‌کانی راگرێت و توشی زه‌ره‌ری زۆر ببن، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ هۆکار تا هۆڵه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی مریشک ده‌ستبکه‌نه‌وه‌ به‌کارکردن و به‌رهه‌مه‌کانیان پاره‌ بکات و زیانیان پێنه‌گات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "هیوادارین که‌ خاڵه‌ سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش په‌یوه‌ستبن به‌و بڕیاره‌وه‌ تائێمه‌ش بتوانین به‌رهه‌می زیاتری مریشک به‌رهه‌مبهێنین".

له‌ئێستادا له‌هه‌رێمی کوردستان 700 هۆڵی به‌رهه‌مهێنانی مریشک هه‌ن که‌ له‌توانایاندا هه‌یه‌ به‌رهه‌می مریشکی ناوخۆ دابینبکه‌ن و هه‌نارده‌ی دەرە‌وه‌شی بکه‌ن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure