دووپشک منداڵێکی تەمەن 18 مانگ دەکوژێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 4564‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە لە گوندێکی سەر بە قەزای شارەزوور، منداڵێکی تەمەن 18مانگ گیانی لەدەستدا.

ئیسماعیل عەبدولڕەحیم، لێپرسراوی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق لە قەزای دەربەندیخان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەهۆی پێوەدانی دووپشک لە درەنگانێکی شەوی ڕابوردوو منداڵێکی تەمەن 18 مانگ گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان کە باری تەندروستی جێگیر نەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد: پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەکەمان چارەسەری تەندروستی سەرەتاییمان بۆ ئەنجامدا و بەمەبەستی چارەسەری زیاتریش ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیمان کرد، بەڵام بەهۆی کاریگەری پێوەدانی دوو پشکەکەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کۆچی دواییکرد.

ئەو بەرپرسەی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق، ئەوەشی خستەڕوو، منداڵەکە ناوی (ئازیز گۆران)ە و دانیشتووی گوندی (دەنگەوەرە) لە ناوچەی شەمێران، هاوکات لە ئەمساڵدا ئەوە یەکەم حاڵەتی گیان لە دەستدانە کە بەهۆی پێوەدانەوە منداڵێک گیان لە دەستبدات.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure