بەڵگە.. کورد واژۆی کردووە راکان جبوری لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 1534‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بەپێی بەڵگەنامەیەک، هەرسێ کوتلەی کورد، تورکمان و عەرەبی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک واژۆیان لەسەر ئەوە کردووە كه راکان جبوری لەپۆستی پارێزگاردا بمێنێتەوە.

بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەیەک کە کۆپییەکی تایبەت دەست دواڕۆژ کەوتووەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 17ی نیسانی ئەمساڵ (مانگێک بەر لەئێستا) و واژۆی هەرسێ کوتلەکەی ئەنجومەنی لەسەرەو بابەکر سدیق (کاکەڕەش سدیق) بەنوێنەرایەتی لیستی برایەتی واژۆی کردوەو خۆیان بەلیژنەی هاوسەنگ ناساندووەو رێککەوتون لەسەر مانەوەی راکان جبوری لەپۆستەکەیدا، لەگەڵ بوونی 7 بریکار کە لە یاریدەدەرو راوێژکار پێکهاتوون.

بەپێی رێککەوتنەکە عەلی حومادی یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری هونەری لەپشکی لیستی برایەتی لەپۆستەکەی دەمێنێتەوە، لەگەڵ زیادکردنی پۆستێک بەناونیشانی راوێژکاری هونەری بۆ کورد.

بەپێی رێککەوتنەکەش، پۆستی یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری وزە دەدرێتە تورکمان، لەگەڵ مانەوەی راوێژکاری ئیداری لای ئەو پێکهاتەیەو پێدانی راوێژکاری ئەمنی بەوان.

لەوبارەیەوە ئەحمەد عەسکەری ئەندامی لیستی برایەتی لەئەنجومەنی پارێزگا بەدواڕۆژی وت: "منیش بیستوومە کاکەڕەش سدیق کارێکی وای کردوەو ئاگاداری وردکاریی و دروستی نوسراوەکە نیم، باشترە لەخۆی بپرسن".

کۆنوسی رێککەوتنەکە رەوانەی سەرۆک وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر دەربڕێت.

هاوکات نەجات حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدواڕۆژی راگەیاند: ئاگادارین کۆبوونەوەیەک لەوبارەیەوە کراوە بەشێوەی نهێنی، بەڵام هیچی دیکەیان لەبارەیەوە پێنەوتووین.

وتیشی: "قاسم بەیاتی و تەحسین کەهیە مافی ئەوەیان نییە بەناوی کوتلەی تورکمانیەوە واژۆیان کردووە، چونکە ئەوان نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، ئێستا ئێمە سێ ئەندامین لەکوتلەکە جیابووینەتەوە، بۆیە شتێک نەماوە بەناوی کوتلەی تورکمانی".

لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، راکان جبوری جێگری پارێزگار بەوەکالەت پۆستی پارێزگاری وەرگرت، لەگەڵ دەستبەکاربونیدا تاوەکو ئێستا دەیان نوسراوی لەدژی پێکهاتەی کورد دەرکردوە، لەدورخستنەوەی بەرپرسەکانی لەپۆستەکان تاوەکو گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی سەدام بۆ سەر زەوی و زاری کورد.

ئەم رێککەوتنەش لەسەر مانەوەی راکان جبوری لەپۆستەکەیدا لەکاتێکدایە هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی لیستی برایەتیدان بۆ نێو ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure