"مه‌ترسیی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه‌"

هەواڵ / ئابوری :: 19/05/2019‌ :: 5553‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە بەغدا كێشەی (سیولە)ی نییە و هەركاتێك مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت وەك حساب بانكی دەتوانن بە نەقدی پارەكە لە بانكەكە وەربگرن، دەڵێت: "بۆ ساڵی داهاتوو مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەبێت".

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دواڕۆژی وت: "عێراق كێشەی نەختینە (سیولە)ی نیدە و هەر كاتێك پارەی مووچە بخاتە سەر حساب بانكی هەر بانكێك بۆ هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ دەتوانن بچن لەو بانكە پارەكە بە نەقدی وەربگرن، ئیتر بۆچی هەرێم مانگانە کێشەی سیولەی هەیە".

سەبارەت بەوەی ئەمساڵ هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی هەرێم هەیە لەلایەن بەغداوە؟ ئەو پەرلەمانتارە وتی: "ئەم بابەتە تا (31/12/2019) بەردەوامدەبێت بەپێی یاسای بودجە، بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو نازانرێت پەرلەمانتارانی غەیرە كورد چ رایەكیان دەبێت".

غالب محەمەد، جەختیشیكردەوە: ئەمساڵ هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم دروستنابێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو مەترسی دروستدەبێت.
 
پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure