ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى هه‌رێم دواده‌كه‌وێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2019‌ :: 961‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌پێى زانیارییه‌كان پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان  له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى داهاتوو ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام ده‌ستبه‌كاربوونى ده‌كه‌وێته‌ دواى جه‌ژن.

ئه‌مڕۆ یه‌كه‌شممه‌ 19 ئایار، ناوی کاندیدانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت و بە گوێره‌ی رێکارە یاساییەکان لە ماوەی  هەفتەی داهاتوو، پەرلەمان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.

بەپێ زانیارییەکانی دواڕۆژ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وادەی یاسای خۆی سوێند دەخوات، بەڵام دەستبەکاربوونی دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان و لە مانگی داهاتووش حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌فین دزه‌یى، وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت: "دواى پێداچوونه‌وه‌ به‌ ناوى پاڵێوراوانى سه‌رۆكى هه‌رێم، دواتر له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و پڕۆسه‌ی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمیش ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام رەنگە دەستبەکاربوونی سه‌رۆكی هه‌رێم کەمێك دوابکەوێت''.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێم، سه‌رۆكی هەرێم کاندیدی دەستنیشانکراو بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت رادەسپێرێت، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure