سەدر ژمارەیەک سەرکردەی ره‌وته‌كه‌ى سڕدەکات

هەواڵ / عێراق :: 19/05/2019‌ :: 210‌ جار بینراوە
موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌در

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌در بڕیاریدا لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی ره‌وته‌كه‌ی پێكبهێنێت، به‌ره‌به‌یانی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2019) چه‌ند بڕیارێكی دەرکرد بۆ سڕكردنى ژمارەیەک له‌و سەرکردانه‌.


به‌پێی راگه‌یەندراوێكی ساڵح محه‌مه‌د عێراقی كه‌ هه‌ژمارێکی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌دره‌: سه‌ركرده‌كه‌ى ره‌وتى سه‌ر بڕیاریداوه‌ كازم عیساوی كه‌ به‌ ئه‌بوو دوعا ناسراوه‌ و یاریدەدە‌ری كاروباری جیهادیی سه‌در خۆیه‌تی، له‌ رۆژی پانزه‌ی ره‌مه‌زانه‌وه‌ له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌بێت تا بزانرێت ئه‌و به‌ڵێنه‌ی داویه‌تی ده‌یباته‌سه‌ر یان نا و ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی كرد، لیژنه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌بوو دوعادا ده‌كاته‌وه.

ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌در دوای ئه‌وه‌ دێت‌ ئەو سەرکردەیە به‌ڵێنی دابوو، یه‌ك ساڵ گۆشه‌گیرى (ئیعتكاف) بكات و له‌ وڵات ده‌رنه‌چێت و هه‌موو پاره‌ی (مۆڵ)ەكه‌ی (ئه‌ڵماس) ببه‌خشێته‌ خێزانی شه‌هیدان و ده‌ست له‌ كاری بازرگانی هه‌ڵبگرێت.

بڕیارێكی تری موقته‌دا سه‌در سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیکەی ره‌وته‌كه‌یەتی به‌ناوی حه‌یده‌ر جابریی‌، کە بڕیاریداوه‌ بۆ ماوه‌ی 18 مانگ له‌ كاره‌كانی سڕی بكات، له‌ هیچ بوارێكدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكرێت.

سه‌در بڕیاریشیداوه‌ موئه‌یەد ئه‌سه‌دی ده‌بێت به‌ڵێننامه‌یه‌ك بنووسێت وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێكراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی گۆشه‌گیری هه‌ڵبژاردووه‌، پێویسته‌ پابه‌ندبێت به‌وه‌ی نووسیویه‌تی، هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌ری، هاوكات هێشتا وه‌ك راوێژكاری موقته‌دا سه‌در ده‌مێنێته‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌سه‌ نزیكه‌ كۆنه‌كانی ببڕێت.

بڕیاری چواره‌می سه‌در سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی تری ره‌وته‌كه‌یه‌تی به‌ناوی عه‌ون نه‌بی، كه‌ دەبێت ته‌نگی پێهه‌ڵبچنرێت تا ئه‌وكاته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاراندا ده‌پچڕێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستی له‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵگرت و ته‌وبه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی پێشتر كردوونی به‌ فه‌رمانی موقته‌دا سه‌در نه‌بووه‌، ئه‌وا ده‌ستی لێهه‌ڵده‌گیرێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در ده‌بێت، گه‌ر نا یه‌كسه‌ر سزاده‌درێت و هه‌ڵوێستی تریش له‌ به‌رامبه‌رى ده‌گیرێته‌به‌ر.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure