داوایه‌ك له‌ وەزارەتی دارایی-یه‌وه‌ بۆ سەرجەم وەزارەتەكان

هەواڵ / کوردستان :: 18/05/2019‌ :: 23445‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم داوای لە سەرجەم وەزارەتەكان و فەرمانگاكانی نەبەستراو بە وەزارەتەكان كردووە، لیستی ناوی سەرجەم فەرمانبەرە تەنسیبكراوه‌كانیان بۆ بنێرن.


بەپێی گشتاندنێكی دارایی، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم كە لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەرچووەو ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەكان و فەرمانگاكانی نەبەستراو بە وەزارەتەكان كراوه‌، تیایدا داوای كردووە، لیستی ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی گواستنەوەی راژە بەشێوەی كاتی (تەنسیبكراو) ئاراستەیان بكرێت.

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوور كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ دواڕۆژ ئامانجی ئەو گشتاندنەی ئاشكراكرد و وتی: "گشتاندنەكه‌ بۆ ئەوەیە كە لیستی سەرجەم فەرمانبەران كۆبكرێتەوە، چونكە بەشێكی زۆری وەزارەتەكان رەچاوی رێنمایی تایبەت بە تەنسیب ناكەن".

هەر فەرمانبەرێكی حكومەتی هەرێم دەتوانێت دووجار خۆی تەنسیب بكات (راژەكەی بەشێوەی كاتی بگوازێتەوە بۆ وەزارەت یا فەرمانگەیەكی تر)، فەرمانبەری تەنسیبكراو دەتوانێت هەر جارێكی تر شەش مانگ یا ساڵێك ته‌نسیب بێت.

لەرێنمایی تایبه‌ت به‌ تەسیبی فه‌رمانبه‌راندا ئاماژەی بەوەكراوە: ساڵی یەكەمی تەنسیب مووچە و دەرماڵە لە فەرمانگەی دایك وەردەگرێت و لە ئەگەری نوێكردنەوەیدا، مووچەو دەرماڵەی كۆتا مووچەی دەكرێتە پێوەرو لەو فەرمانگەیە وەریدەگرێت كە بۆی تەتنسیبكراوە.

بەپێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، بەشێكی زۆری فەرمانبەرە تەنسیبكراوەكان زیاتر لەو ماوەیە خۆیان تەنسیب كردووە، بەجۆرێك فەرمانبەر هەیە ماوه‌ی 10 ساڵە تەنسیبكراوەو مووچەو دەرماڵەش لە فەرمانگەی دایك وەردەگرێت و لەو فەرمانگەی بۆی تەنسیبكراوە بڕە پارەیەك بەناوی پاداشت وەردەگرێت، ئەمەش پێچەوانەی رێنمایی كارپێكراوی تەنسیبە.

داڕشتنه‌وه‌و بڵاوكرانه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure