ژمارەی كاندیدانی سه‌رۆكی هه‌رێم ئاشكرادەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2297‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

تائێستا پێنج كه‌س كاندیدن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان و بڕیاروایە ئەمڕۆ ناوەکان رابگەیەنرێت.


به‌پێى یاسا و ڕاگه‌یه‌نراوى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئایار، ناوی ئەو کاسانە ئاشکرا دەکرێت کە سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، هەر کەسێکیش دوورخرابووه‌وه‌ دەتوانێت بۆ ماوه‌ى دوو ڕۆژ له‌ دادگاى تەمیز تانە لە بڕیارى دورخستنەوەکەى بدات و پێویستە بڕیاری دادگای تەمیزیش لەماوەی دوو رۆژی دواتردا بە رەسمی دەربچێت و تانەکەی یەکلایی بکاتەوە، دواى ئەوەش سێ رۆژ لەبەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرفەت هەیە، بۆ ئەوەی وادەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم رابگەیەنێت.

(چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 15ی ئایاری 2019) دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم داخست كه‌ تائێستا پێنج كه‌س خۆیان كاندیدكردووه‌ بۆ پۆسته‌كه‌،  به‌ڵام ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ناوى به‌شێك له‌و پاڵیوراوانه‌ى ده‌رهێناوه‌، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى مه‌رجى یاساییان تێدا نییه‌.

هاوکات عه‌باس فه‌تاح، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "بەپێی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، دوای راگه‌یاندنی ناوی كاندیدان، ماوه‌ی دوو رۆژ بۆ تانه‌لێدان و دوو رۆژ بۆ دادگای ته‌میز دیاریده‌كرێت".

وتیشی: "دوای ئه‌و رێكارانه‌، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنێكدا سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت، دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان سوێندی یاسایی ده‌خوات".

به‌پێى یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر یەك کاندید هەبوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، ئەوا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، ئەو کاندیدە دەبێت بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر زیاتر لە کاندیدێك هەبوو، ئەوا پێویستە یەکێك لە کاندیدەکان به‌ دەنگی زۆرینەی رەها هه‌ڵبژێردرێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی زۆرینەی رەها بەدەستبهێنێت، خولی دووەمی هەڵبژاردن لەهەمان دانیشتندا ئەنجام دەدرێت و رکابەری یەکەم و دووەم، کامیان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم.

پێداچوونه‌وه‌: ئارام غه‌فور
بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure