"گۆڕان له‌دوای نەوشیروان مستەفا لەپاشەكشەی گەورەدایە"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1202‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

19ی ئایاری 2019، دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، سیاسەتمەدار و رێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت، بەشێك لە هاووڵاتیان و رەخنەگران پێیانوایە بەرپرسانی ئێستای گۆڕان لەڕێبازەكەی نەوشیروان مستەفا لایانداوە، نوسەرێکیش دەڵێت: "ئەم هێزە دوای نەوشیروان مستەفا لەپاشەكشەی گەورەدایە".

نەوشیروان مستەفا ساڵی 1944 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە و لەسەردەمی لاوێتییەوە دەستی بە کاری سیاسیی کردووە، ساڵانێكی زۆر لەشاخ خەباتی دژی رژێمی پێشووی بەعس كردووە و هاوكات بەئەندازیاری راپەڕینی ساڵی 1991 دادەنرێت.

نەوشیروان مستەفا پێشتر جێگری جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، بەڵام ساڵی 2006 دەستی لەو حیزبە كێشایەوە و لەڕۆژی 25ی تەموزی 2009 بە لیستی سەربەخۆ و بەناوی لیستی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد و توانی 25 كورسی بەدەست بێنێت، بەڵام بەشداری حكومەتی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستانی نەكرد و بۆ یەكەمجار لەكوردستان ئۆپۆزسیۆنبوونی راگەیاند.

نەوشیروان مستەفا لەگەڵ شوعلە عەلی ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و خاوەنی سێ منداڵن بەناوەكانی (چیا، نما، چرا)، شوعلە عەلی بەهۆی نەخۆشییەوە رۆژی 17ی ئازاری 2017 كۆچی دوایی كرد، نەوشیروان مستەفاش هەر بەهۆی نەخۆشییەوە بەرەبەیانی رۆژی 19ی ئایاری 2017 لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و لەسەر وەسیەتی خۆیشی، تەرمەكەی لەگردی زەرگەتە بارەگای سەرەكی گۆڕان بەخاك سپێردرا.

ئەو كاتەی نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان خاوەنی 24 كورسی بوو، دووەم گەورەترین فراكسیۆن بوو، لەپەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 10 كورسی بوو، بەڵام ساڵێك دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق 5 كورسی و لەهەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستانیش 12 كورسی بەدەستهێنا، كە بەشێك لەڕەخنەگرانی ئەو بزووتنەوەیە بە "پاشەكشە"ی گۆڕان ناوی دەبەن، بەڵام هەڵسوڕاوانیان بۆ "ساختەكاری" دەگێڕنەوە.  

عەبدوڵا مستەفا، كاسبكارێكی تەمەن 62 ساڵە و بەوتەی خۆی چەند جارێك دەنگی بەبزووتنەوەی گۆڕان داوە، بەڵام لەساڵی رابردووەوە لەو بزووتنەوەیە نیگەرانە و بەدواڕۆژی وت: "بەداخەوە دوای كۆچی دوایی ئەو سەركردە باشە گۆڕان ئەو دەنگە زوڵاڵەی جارانی نەماوە، پێشتر نەوشیروان مستەفا بەرستەیەك شەقامی دەجوڵاند، بەڵام ئێستا ئەوەندەی دەبینرێت گۆڕان كێشەی سەركردایەتی هەیە، بۆیە لەم قۆناغەدا بێئومێدبووە لێیان و بەهیوایە لەمساڵدا گۆڕان تەكانێكی دیكە بەخۆی بدات".


هەروەها عەزیز رەئوف، نووسەر و رەخنەگر بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهەر پێوەرێك وەریبگرن دۆخی گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە دۆخی پێشتری ناچێت ئەمە هەموو گۆڕانیش دەیزانێت، رەنگە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت نەوشیروان مستەفا یاریكەرێكی سەركەوتوو بووە.

ناوبراو روونیكردەوە: بەڵام رەنگە لایەنی نەرێنی نەوشیروان مستەفا لەسەردەمی خۆیشی ئەوە بووبێت زیاتر پشتی بەخۆی بەستبێت بۆیە دوای خۆی قەیرانی جێهێشتووە، لەبەرئەوە بەبۆچوونی ئەو، هەر حیزبێك دوای خۆی قەیران جێبهێڵێت بەشی زۆری پەیوەندی بەسەركردەی یەكەمەوە هەیە.

عەزیز وتی: "پێموایە گۆڕان دەنگ و كورسی و میدیا و گوتاری نەماوە، بۆیە باوەڕم وایە ئەم هێزە دوای نەوشیروان مستەفا لەپاشەكشەی گەورەدایە".

دەربارەی ئەوەی پاشەكشەی گۆڕان هۆكاری ناوخۆییە، یان ركابەرەكانی بەهێزترن، ئەو رەخنەگرە دەڵێت :"پێموایە ركابەری گۆڕان هەرگیز بەهێز نەبوون، نە پارتی و نە یەكێتی هێزی ئایدۆلۆژی پەروەردەكراو نین تا شەڕكردن لەگەڵیاندا قورس بێت، تەنها دەسەڵات و ماددەیان لایە".

ناوبراو وتیشی :"نەوشیروان سێ قۆناغی ناوە كە ئەو سێ قۆناغە كۆتاییان هاتووە، قۆناغەكانیش بەشداری هەڵبژاردن و ئۆپۆزسیۆن و چوونە دەسەڵات بوو، بۆیە ئەم قۆناغە كەوتۆتەوە دەستی ئەم سەركردانەی ئێستا".

بەڵام بەرپرسان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئەو قسانە رەتدەكەنەوە كە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەكەیان لاواز بووبێت.  

چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: گۆڕان بزووتنەوەیەكی هەقخوازییە و لەئەنجامی نادادپەروەری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دروستبووە، تا ستەم و نادادپەروەری و گەندەڵی هەبێت، گۆڕان بەردەوام دەبێت، ئەم بزووتنەوەیە تیۆرییەكەی لەلایەن نەوشیروان مستەفا داڕێژراوە، لەسەر ئەو تیۆرییەش دامەزراوە و لەو باوەڕەدایە وەكو كورسی پەرلەمانی پاشەكشەیان كردبێت، بەڵام پێیوایە تا هۆكارەكانی دروستبوونی گۆڕان مابن، گۆڕان بەرەو پێش دەچێت.

نەوشیروان مستەفا پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات چەند دامەزراوەیەكی دروستكردبوو ئەوانیش ژورەكان، جڤاتەكانی گشتی و نیشتمانی، بەپێی دەستوری ناوخۆیی ئەو بزووتنەوەیەش بۆ هەر پرسێكی سیاسی، دوای تاوتوێكردنیان، جڤاتی گشتی وەكو جڤاتێكی راوێژكاری كۆدەبێتەوە و پێشنیار و راسپاردە ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی دەكات، جڤاتی نیشتمانیش وەكو سەركردایەتی ئەو حیزبە بڕیاری كۆتایی دەدات.

مەجید ساڵح، نووسەر و هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: دروستكردنی ئەو دامەزراوانە لەلایەن نەوشیروان مستەفا بۆ دوای خۆی بوو كە درێژە بەڕێبازەكەی بدرێت، چونكە نەوشیروان مستەفا بەپێچەوانەی زۆربەی سەركردەكان هەموو بۆچوونەكانی لەڕێگەی نووسین و كتێبەكانی ئامادەكردووە و ئەو پاكێجە چاكسازی و ریفۆرمییانەی ئامادەی دەكرد دەیدایە دەسەڵاتداران كە ئێستاش ماون.

ناوبراو روونیكردەوە: تا ئەو كاتەی دامەزراوەكان بمێنن رێبازەكەی بەردەوام دەبێت، زۆربەی ئەو كەسانەشی لەجڤاتەكانن هاوڕێی نزیكی نەوشیروان مستەفان و درێژەپێدەری رێبازەكەین، راستە هەندێك لەبرادەران تاقەتیان نەماوە یان بەجۆرێك لەجۆرەكان گلەییان هەیە و چوونەتە دەرەوەی بزووتنەوەكە، بەڵام رێبازەكە بەردەوامە.

بەبۆچوونی بەشێك لە هەڵسوڕاوان و رەخنەگرانی دەرەوەی ئەو حیزبە، هەڵسوڕاوانی ئێستای ئەو حیزبە دوای نەوشیروان مستەفا لەڕێبازەكەی لایانداوە، لەو بارەیەوە چالاك موهەندیس ئاماژەی بەوەكرد كە بەو پێیەی گۆڕان حیزبێكی لیبراڵە و لەپێكهاتەی كۆمەڵگە پێكهاتووە،  ئاساییە رای جیاواز هەبێت، خەڵكانێك هەن دەڵێن گۆڕان لەڕێبازی نەوشیروان مستەفا لایداوە ئەوە قەناعەتی خۆیانە، هەندێكیشیان بەبیانووی ئەوەی هیچیان پێ نەماوە و ناتوانن خزمەت بكەن و هەندێكیان خۆیان فرۆشتووە.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتی :"هەندێكیش لەناو گۆڕان ماندوو بووە و ماندووبوونی بەرز دەنرخێنرێت، بەڵام بگاتە ئاستی خیانەت و رێبازی نەوشیروان بۆ خوارییەكەی ئیستیغلال بكات ئەوە قابیلی قبوڵ نییە، لەلایەكی دیكەوە خەڵكانێك هەن لەناو گۆڕاندا ماندوون و بەجددی لەو باوەڕەدان ئەو سەركردایەتییەی ئێستای گۆڕان ناتوانێت یان نەیتوانیوە فەراغی كاك نەوشیروان پڕبكاتەوە ئەو كەسانە دڵسۆزن و ماندوون، ئەوانە بەسنگێكی فراوانەوە دەتوانین مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام یەك شت هەیە كەلێنی نەوشیروان مستەفا بەهیچ كەس پڕ نابێتەوە و پڕكردنەوەی ئەو شوێنە زۆر زەحمەتە، ئەوە واقیعە".

لەهەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان گۆڕان لە 24 كورسییەوە بوونە 12 كورسی، ئایا ئەوە پاشەكشەی ئەو حیزبە نییە، عەزیز رەئوف وتی :"ئەم هێزە دوای هەڵبژاردنەكان دەبوو بەخۆیدا بچێتەوە، چونكە 65%ی خەڵك دەنگی نەداوە كە زۆربەیان ئۆپۆزسیۆن بوون، هیچ هێزێك كۆتایی نایەت، بەڵام پێموایە گۆڕان لەبەرئەوەی گوتاری نەماوە، لەم دەنگانەی ئێستاشی كەمتر دەكات".

هەر لەو رووەوە مەجید ساڵح دەڵێت: بەدڵنیاییەوە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، كاریگەری ئێجگاری گەورەی كردۆتە سەر گۆڕان بگرە بۆ سەر كاریگەری بۆ پڕۆسەی سیاسی كوردستان و بەشەكانی دیكەش كردووە.

ناوبراو وتی :"بەڵام بیرمان نەچێت ئەو كورسییانەی ئێستا ئەو كورسییە هەقیقانە نین كە لەسندوقەكانی دەنگەكان هاتۆتە دەرەوە، كەموكوڕی زۆر لەهەڵبژاردندا ئێجگار زۆر هەبوو، رێژەی بایكۆت و ساختە زۆر بوو، بەهیچ شێوەیەك ئەو 12 كورسییە واقیعە راستەقینەكە نییە، بەڵكو واقیعە راستەقینەكە ئەوەیە رێژەی پارتی و یەكێتی بەرز كراوەتەوە، بۆیە هۆكاری كەمكردنەكە ساختەكردن بوو".  

ماوەیەكە چیای كوڕی نەوشیروان مستەفا لەهەندێك بۆنەدا دەردەكەوێت و بەشێك لەهەڵسوڕاوانی ئەو حیزبە و رەخنەگرانیش پێیانوایە گۆڕان وەكو پارتی و یەكێتی بۆتە حیزبی بنەماڵە و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەبڕیارەكاندا باڵادەستن و تەنانەت كۆمپانیای میدیایشیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیانەوە. 

عەزیز رەئوف ئاماژەی بەوەكرد: :"ئەوە كارەساتەكەیە و كوردستان لەبەردەم بەسوڵتانیكردنی دەسەڵاتی سیاسییە و گۆڕانیشی گرتۆتەوە، یەكێك لەزەبرە كوشندەكانی گۆڕان تاپۆكردنی گردی زەرگەتە بوو لەسەر كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێجگار كارەسات بوو".

بەڵام مەجید ساڵح پێچەوانەوەی بۆچوونی رەخنەگرانی لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەیە و دەڵێت :"ئەوانە بیانوون بۆ وازهێنان یان دووركەوتنەوە، بیانوون بۆ لایەنەكانی دیكە تا گۆڕانیش وەكو خۆیان لێبكەن، وەكو واقیع كوڕی نەوشیروان مستەفا لەهیچ دامەزراوەیەكی بزووتنەوەكەدا نین، لەم كاتانەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمیشدا كوڕەكانی داوای پۆستیان نەكردووە".

سەبارەت بەكۆمپانیاییەكەش، ناوبراو وتی :"بۆ میدیاش پێش ئەوەی گۆڕان دروست ببێت دامەزراوەی كۆمپانیای وشە هەبوو خاوەنەكەی كاك نەوشیروانە، بەپێی رێكارە یاساییەكانیش كۆمپانیا بۆ وەرەسەكانی دەگەڕێتەوە، ئەوانیش دوو ساڵە ئەو كەناڵانە بۆ خزمەتی گۆڕان و درێژەپێدەری رێبازەكەی كاك نەوشیروان بەكاردێنن".

سەبارەت بەوەی ئایا كوڕەكانی "سێبەر"یان بەسەر بزووتنەوەكەدا نییە، ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان ئاشكرایكرد :"وەكو هەموو كادیرێكی گۆڕانن، من هیچ پۆستێكم نییە، بەڵام لەبڕیاردا پرسم پێدەكرێت، ئەوانیش ئەو شانازییەی كە باوكیان بۆی جێهێشتوون ئەو رێزەیان بەكاردێنن بۆ خزمەتی گۆڕان، بەڵام لەپڕۆسەی بڕیارداندا تائێستا جڤاتی نیشتمانی و گشتی پرسەكان یەكلایی دەكەنەوە".

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure