داعش گوندێك به‌ ته‌واوى ده‌سوتێنێت

هەواڵ / عێراق :: 18/05/2019‌ :: 1391‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش عێراق

دواڕۆژ

چه‌كدارانى داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر گوندێكى باشورى رۆژئاواى موسڵ و پاش هه‌ڵهاتنى دانیشتوانه‌كه‌ى ته‌واوى ماڵه‌كانیان سوتاند.


مولازمى یه‌كه‌م عوسمان مومتاز، له‌ ده‌زگاى پۆلیسى ناوخۆیى موسڵ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى رایگه‌یاند: دره‌نگانێكى شه‌وى رابردوو نزیكه‌ى 20 چه‌كدارى داعش هێرشیان كردوه‌ته‌سه‌ر گوندى (ته‌ل رومان) كه‌ نزیكه‌ى 15 ماڵ له‌خۆده‌گرێت و به‌هۆیه‌وه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى بۆ گوندێكى دیكه‌ هه‌ڵهاتوون.

وتیشى: "تیرۆرستان بۆ ماوه‌ى كاتژمێر ده‌ستیان به‌سه‌ر گونده‌كه‌دا گرتووه‌ و به‌ر له‌ كشانه‌وه‌ تیایدا ئاگریان له‌ سه‌رجه‌م ماڵه‌كانى به‌رداوه‌ و دواتر به‌ره‌و شوێنێكى نادیار هه‌ڵهاتوون".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: گونده‌كه‌ نزیكى گوندى (الكوار)ه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ هێرشى كرایه‌سه‌ر و موختار و شه‌ش كه‌س له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌یان كوشت.

ئه‌و پله‌داره‌ى پۆلیس راشیگه‌یاند: هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژماره‌یان له‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى موسڵ زیادكراوه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ر هێرشێكى ترى چه‌كدارى ئه‌و رێكخراوه‌.

له‌سه‌ر زارى دانیشتوانى گونده‌كه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كه‌ى شه‌وى رابردوو هیچ زیانێكى گیانى لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure