حکومەت پێش جەژن هیچ مووچەیەکی تر دابەشدەکات؟

هەواڵ / کوردستان :: 18/05/2019‌ :: 27958‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایدەکات: پێش جەژنی رەمەزان هیچ مووچەیەكی تر دابەشناكرێت بەهۆی نەهاتنی پارەی پێویست لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و حكومەتی ناوەندی عێراقەوە.


لە ئێستادا دابەشكردنی مووچەى مانگى شوباتى 2019 بەردەوامی هەیە و بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی شارستانی كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە بهێنرێت.

سەبارەت بە ده‌ستكردن به‌ دابەشكردنی مووچەیەكی تر پێش جەژنی رەمەزان، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ئاگاداری دابەشكردنی مووچەیە بەدواڕۆژی وت: "بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی مووچە بریتیە لە 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و 453 حكومەتی ناوەند بۆیە هیچ مووچەیەكی تر پێش جەژنی رەمەزان دابەشناكرێت".

وتیشی: "وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەسەرەتای مانگ ئەو بڕە پارەیە بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت و جەژنی رەمەزانیش لەسەرەتای مانگدایە بۆیە هیچ مووچەیەكی تر دابەشناكرێت".

چەند مانگێکە دابەشكردنی مووچە لە پێنجی مانگەوە دەستپێدەكات تاوەكو 23ی هەمان مانگ كۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر پێنجی مانگ بكەوێتە پشوو ئەوا دابەشكردنی مووچە یەک بۆ دوو رۆژ دوادەكەوێت.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رایگەیاند: دابەشكردنی مووچە هەموو سی رۆژ جارێك دەبێت، بەڵام ئەگەر پێنجی مانگ بكەوێتە پشوو ئەوا رۆژێك بۆ دوو رۆژ دوادەخرێت".

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure