چین پشتگیرى خۆى بۆ ئێران راگه‌یاند

هەواڵ / جیهان :: 17/05/2019‌ :: 30789‌ جار بینراوە
سوپاى چین

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى چین رایگەیاند: وڵاته‌كه‌ى پشتگیرى ئێران ده‌كات له‌ گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا-دا و ئاشكراشیكرد "دژى سه‌پاندنى سزاى تاكلایه‌نه‌ن بەسه‌ر ئێران-دا".


ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى ئایار، وانگ یى لویزه‌ر، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى  چین و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنیان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ په‌كینى پایتەختى چین به‌ڕێوه‌چووه‌ چاویان به‌یه‌ك كه‌وتووه‌، گفتوگۆى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو وڵات و گرژبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێران و ئه‌مریكا-یان كردووه‌.

له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شیانه‌وه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى چین بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ "وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و چین جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و خێرایی گۆڕانكارییه‌كانیدا".

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى چین له‌سه‌ر زارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌وه‌ ئاشكرایكردووه‌ "چین پشگیرى له‌ ئێران ده‌كات له‌و دۆخه‌ى كه‌ رویداوه‌، له‌دژى سه‌پاندنى سزاى تاكلایه‌نه‌ به‌سه‌ریدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌، رێزى ته‌واوه‌تى خواستى ئێران-یش ده‌گرێت له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنامه‌ى ئه‌تۆمى و پابه‌ندبوون پێیه‌وه‌".

هاوكات وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى چین له‌سه‌ر زارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران-ه‌وه‌ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "ئێران هیچ نیه‌تێكى نیه‌ بۆ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنامه‌ى ئه‌تۆمى و ده‌ستپێكردنى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا".

و: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure