به‌رپرسێكى ئێران: ئه‌وه‌ى ترامپ ده‌یكات یارى سیاسییه‌

هەواڵ / جیهان :: 17/05/2019‌ :: 12889‌ جار بینراوە
فڕۆكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكا

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى ئایار، جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێران بۆ كاروبارى سیاسى رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێران ده‌یكات وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ "داواى هاوڕێیه‌تى له‌ كه‌سێك بكه‌یت له‌كاتێكدا كه‌ چه‌كێكت رووتێکردووە".

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردۆتەوە "دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو به‌ پاتریك شاناهان، كاربەڕێكەری وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی راگه‌یاندووه‌، نایه‌وێت وڵاته‌كه‌ى بكه‌وێته‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران"

ڕسوڵ سه‌نائى راد،  جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێران بۆ كاروبارى سیاسى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامى وته‌كانى سه‌رۆكى ئه‌مریكاى دایه‌ و رایگه‌یاند: "ئێران نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕیووه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ دۆناڵد ترامپ ده‌یه‌وێت راى گشتى هه‌ڵبخڵه‌تێنێت، به‌وه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێت گفتوگۆ له‌سه‌ر رێككه‌وتنێكى نوێى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ ئێران بكات".

وتیشى: "ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى ئه‌مریكا ئه‌نجامى ده‌ده‌ن له‌ سه‌پاندنى سزا و فشارخستنه‌ سه‌ر ئێران له‌كاتێكدا كه‌ داواى گفتوگۆ و ئاشتی ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ چه‌كه‌كه‌ت رووبكه‌یته‌ كه‌سێك و داواى هاوڕێیه‌تیشى لێبكه‌یت".

جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێران بۆ كاروبارى سیاسى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ره‌فتاره‌كانى به‌رپرسانى ئه‌مریكا یارییه‌كى سیاسییه‌، چونكه‌ له‌ راستیدا فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئێران، دواتر نیازى خۆیان بۆ گفتوگۆ نیشانده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى راى گشتییه‌".

هاوكات رۆژی چوار شەممە 15ی ئایار، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە کە ناکۆکییەکی سیاسی هەبوو بێت سەبارەت بەو هەنگاوانەی ئیدارەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەوی کردووە، راشیگه‌یاند "ئێمە چەند جارێک هەوڵمانداوە لە ئێران نزیک ببینەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ نەرمییەک نانوێنن و پێیانوایە هەژموونی ئەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزە و کەس ناتوانێت لەناوی ببات".

و: ئا.ح




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure