"یه‌كێتى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت یه‌كلایى دەکاتەوە"

هەواڵ / کوردستان :: 17/05/2019‌ :: 7185‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

له‌ حكومه‌تى نوێى هه‌رێمدا چه‌ندین پۆست به‌ر یه‌كێتى نیشتمانى ده‌كه‌ون بۆ هه‌ر پۆستێكیش چه‌ندین كه‌س خواستیان ده‌ربڕییوه‌ وه‌ریبگرن، به‌وته‌ى، ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ش "بۆ پۆستێكى باڵا ته‌نها یه‌ك كاندید هه‌یه‌ و ركابه‌ریكارى له‌ناو حزبدا نیه‌، ئه‌مه‌ش به‌ واتاى یه‌كلابوونه‌وه‌ى دێت".


ڕه‌هبه‌ر سه‌یدبرایم، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژ-ى وت: "بۆ هه‌ر پۆستێكى حكومى له‌ناو یه‌كێتى چه‌ندین كه‌س سیڤیان پێشكه‌شكردووه‌، داواى ده‌كه‌ن".

وتیشى: "بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ پشكى یه‌كێتییه‌ له‌ناو حزب تا ئێستا ته‌نها (قوباد تاڵه‌بانى) ناوى هه‌یه‌ و هیچ كه‌سێكى دیكه‌ داواى نه‌كردووه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "تا ئێستا له‌ناو حزبدا هه‌ر گفتوگۆ هه‌یه‌ و هیچ پۆستێك یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت له‌ مه‌كته‌بى سیاسى بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان بدرێت، ئایا به‌پێى ناوچه‌ى جوگرافى بێت یان چۆن بێت؟ دواتر بڕیاره‌كان و كه‌سه‌كان له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌".

پ: ئا.ح
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure