وەزارەتی ئەوقاف یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریدەکات

هەواڵ / کوردستان :: 17/05/2019‌ :: 57475‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف روونکردنەوە دەربارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەدات.

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2019 لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی: "وەزارەتی ئەوقاف بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان پشت بەهیچ لێکدانەوەیەکی فەلەکی نابەستێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی ئەوقاف لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە بڕیار لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن دەدات.

وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاند: بڕیاردان لەسەر یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان زۆر دروستبووە و لەکاتی خۆیدا بووە بەو پێیەش لیژنەکەی ئێمە لە رۆژی ٢٩ی رەمەزاندا کە دەکاتە رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیران بڕیار لەسەر رۆژی جەژن دەدات.

وتیشی: "ئەگەر مانگی رەمەزان 29 رۆژ بوو بڕیار دەدەین کە رۆژی سێشەممە 4ی حوزەیران بکرێتە یەکەم رۆژی جەژن و ئەگەر مانگی رەمەزانیش 30 رۆژ بوو بڕیار دەدەین رۆژی چوارشەممە 5ی حوزەیران بکرێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان".

ئا: رێباز

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure