ئیرهابی فیکری

هەواڵ / چاوی تۆ :: 17/05/2019‌ :: 110‌ جار بینراوە

پێشەوا چۆمانی

ئەم جوملەیە یەکێکە لەو دەستەواژانەی ماوەیەکە لەناو دونیای سیاسی ئێمەدا زۆرکات و لە زۆر بۆنەدا بەرگوێمان دەکەوێت، هەڵبەتە"ئیرهابی فیکری" زیاتر لەو ساتانەدا دێتە بەرگوێمان کە لایەنێکی سیاسی تەواو خۆی یەکلاییکردۆتەوە بەوەی کە هێزێکی فیکریە و لایەنێکیتر یان چەند لایەنێک بەشێوەی دەستەجەمعی دەیانەوێت لە فیکری ئەو لایەنە بدەن.

خراپیی دونیای سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەر لەو روانگەیەوە نییە کە هەموومان دەزانین گەندەڵی هەیە، بەڵکو دیوێکی تری خراپەکاریی ئەم هێزە سیاسیانە ئەوەیە هەر یەکەیان مۆدێلێکی سیاسی لەژێر ناوی فیکر بەرهەمهێناوە کە ئەوەی باوەڕی بە دەوڵەتی کوردیی هەیە خراپترین جۆری مۆدێلی ناسیۆنالیستی قەومیی بەشێوەیەکی فاشیتسیانە هێناوەتە ناو دونیای ئێمە، ئەوەی باوەڕی بە سۆشیال دیموکراتە بەخراپترین شێوە هەنگاوە سیاسیەکانی لەسایەی ئەم فیکرەدا پێشدەخات و لە مۆدێلی حزبە ئیسلامیەکانیش دەبینین کە سەلەفیەت ئاخیر مۆدێلی فیکری ئیسلامی سیاسییە ئێستا رۆژ بە رۆژ لە کوردستان گەشەدەکات.

دونیای سیاسی لە باشوری کوردستان لەئێستادا تاکە حزبێک نییە لە ژێرسایەی فیکرێکی دیاریکراودا سیاسەت بکات، ئەوەی دەیبینین شەڕی فیکری نێوان هێزە سیاسیەکان نییە، بەڵکو شەڕێکی رووت و ناشیرنە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەستهێنانی پۆست.

لەکۆتاییدا مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنیشمان بینی و ئەگەر سەرنجەکەمان بخەینە سەر بزوتنەوەی گۆڕان، کە دیاترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی باشوری کوردستان بوو، لە هەنگاوە بەراییەکانیدا دەیوست مانیفێستی فیکرێکی نوێ بکات، بەڵام ئەویش لەکۆتایی رێگادا لەسەر دەستگەیشتن بە دەسەڵات و پلە و پایە کۆتاییهات.

ئەم نوخبە سیاسیەی ئێستا لە کوردستان لە دەسەڵاتدان ئینسانی فیکریی نین، واتا ناتوانن خاوەنداریەتی لە حزبێکی فیکری بکەن، حزبی کوردی هێندەی بەرهەمهێنەری پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگە و دروستکردنی رق و کینە و تۆخکردنەوەی ناوچەگەریەتی بووە، هێندەی هێزی پەلاماردەری دروستکردووە بۆ ترساندنی ئینسانەکان لەیەکتری، هێندە مۆڕاڵێکی ئینسانیانەی بەرهەمنەهێناوە کە  ئینسانەکان تێیدا هەست بە خۆشویستنی یەکتری بکەن، حزبی کودی کە خۆی داماڵیوە لە فیکر چۆن بتوانێت پەروەردە بەرەو پێشببات؟ چۆن کەلتور و سیاسەتی فەرهەنگی دەبێت؟

ئیرهابی فیکری جوملەیەکی سەرەتانیە لایەنێک بۆ جووڵاندنی هەستی جاماوەرەکەی، هەر وەختێک بیەوێ، دەریدەبڕێت تاکو پیشانی بدات قوربانییە یان هەر وەختێک ویستبێتی هێڵ بەژێر زۆنەکاندا بکێشێت ئەوەی دەربڕیوە کە لەو زۆنە ئیرهابی فیکری دەرهەق بە ئێمە هەیە. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure