حاكم قادر: رێككەوتنی یەكەممان لەگەڵ پارتی سیاسییە و دووەمیش بۆ چوونە ناو حكومەتە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 262‌ جار بینراوە
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

حاكم قادر حەمەجان رایده‌گه‌یه‌نێت: لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبونه‌وه‌ بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیده‌كانیان ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت: رێككەوتنی یەكەممان لەگەڵ پارتی سیاسی و دووەمیش بۆ چوونە ناو حكومەتە.


حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی ئایاری 2019) له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگەیاند: پێیانباشە بەزووترین كات حكومەتی نوێی هەرێم پێكبێت كە حكومەتێك بێت وەڵامدەرەوەی خواستەكانی كۆمەڵانی خەڵك بێت.

دەربارەی ئەوەی ئایا گومانیان هەیە له‌باره‌ى جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی بەتایبەتی لە دانانی پارێزگاری كەركوك، وتى: "هیچ گومانمان نییە، رێككەوتنی یەكەممان لەگەڵ پارتی سیاسی بووە و دووەمیش بۆ بەشداریكردنە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم".

ئه‌و وتانه‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌مڕۆ پاش كۆتایى هاتنى مەراسیمی ساڵیادى كۆچى دوایى عادل موراد، سەركردەی پێشووی یەكێتی دا بوو كه‌ له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.

حاكم قادر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوە دەكەن و قۆناغ بەقۆناغ بەپێی پێداویستییەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكان دەڕۆنەپێش.

سەبارەت بەهەبوونی كێشە لەدیاریكردنی كاندیدانی حیزبەكەیان بۆ پۆستە وەزارییەكان، ئەندامه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی یه‌كێتى وتی: "هیچ كێشەیەكمان بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكان نییە، یەكێتی حیزبی خەڵك بووە و بەحیزبی خەڵكیش دەمێنێتەوە، ئەوانەی خۆیان كاندید دەكەن مافی خۆیانە و لەسەركردایەتی ساغیان دەكەینەوە".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure