سه‌ره‌ڕاى ئاڵۆزييه‌كان ئيكسۆن موبيل له‌سه‌ر كاره‌كانى به‌رده‌وامه‌

هەواڵ / ئابوری :: 16/05/2019‌ :: 262‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هیچ كارمه‌ندێكى كۆمپانیاى ئیكسۆن موبیلى ئه‌مریكى نه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌ و نه‌ كۆمپانیاكه‌یان به‌جێهێشتووه‌، هه‌موویان سه‌ربارى ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ى باس ده‌كرێن، سه‌رقاڵى كارى خۆیانن.

فه‌یاز حه‌سه‌ن نیعمه‌، بریكارى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ى ئایارى 2019) له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند: به‌رپرسانى كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیلى ئه‌مریكى دڵنیایان كردومه‌ته‌وه‌ هیچ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رێكى خۆیان له‌ كێڵگه‌كانى خۆرئاواى گه‌رنه‌ له‌ پارێزگاى به‌سره‌ دورنه‌خستۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوكاره‌ عێراقییه‌كان و بیانییه‌كانى تریان سه‌رقاڵى كاركردنى خۆیانن، به‌پێى ئه‌و پلانه‌ى بۆ كاركردن بۆیان دانراوه‌.

هاوكات عاسم جیهاد، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وت رایگه‌یاند: وه‌زاره‌تى نه‌وت سووره‌ له‌سه‌ر دابینكردنى ژینگه‌یه‌كى پارێزراوى گونجاو بۆ كارى كۆمپانیا جیهانییه‌كان، هه‌روه‌ها پاراستنى سه‌لامه‌تى گیانى كارمه‌ندانیان، بۆ ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وامه‌ وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا له‌ هه‌ماهه‌نگیدایه‌.

كۆمپانیاى نه‌وتى ئیكسۆن موبیل، گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى نه‌وتى ئه‌مەریكایه‌.

ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ ناكۆكیه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران بارگرژى زیاترى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان فڕۆكه‌ هه‌ڵگرى ئه‌براهام لینكۆڵین و ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ى B52ى ره‌وانه‌ى كه‌نداو كرد.

 

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure