زانیاری نوێ سەبارەت به‌ دۆسیه‌ى دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید

هەواڵ / کوردستان :: 16/05/2019‌ :: 1747‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە ئەمڕۆ لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركرا، بەپێی یاسا دادوەر دەتوانێت تا 15 رۆژ لەزیندان بیهێڵێتەوە یان ئازادی بكات.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو دۆسیەیە (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ى ئایارى 2019) بە دواڕۆژ دراوە: ماددەكەی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ماددەی 2ی (یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە بەژمارە 6ی ساڵی 2008) كه‌ بەپێی یاساش دادوەر دەتوانێت لە ئەمڕۆوە كە ئەو تۆمەتبارە دەچێتە زیندان تا ماوەی 15 رۆژ لە زیندان بە راگیراوی بیهێڵێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە: لەو ماوەیەشدا دەكەوێتەوە سەر دادوەرەكە ئایا بەكەفالەت ئازادی دەكات یان ماوەكەی درێژدەكاتەوە، چونكە هەر بەپێی یاساش نابێت تۆمەتبار لە 15 رۆژ زیاتر بە راگیراوی بمێنیتەوە و دادوەر دەبێت بە دۆسیەكەدا بچێتەوە.

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی بانگێشتى به‌رده‌م دادوه‌ر كرا، پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شاسوار عه‌بدولواحید چووه‌ دادگا و پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا بڕیارى ده‌ستگیركردنى ده‌ركرا.

دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت رۆژی 14ی ئایاری لەلایەن دادوەری ئاسایشی گشتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، ئەمڕۆش خۆی چووە بەردەم دادگا، سكاڵاكەش لەسەر سكاڵای شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستانە كە مانگی رابردوو رایگەیاند: "لەلایەن باندەكەی شاسوار عەبدولواحیدەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتی لێكراوە".

هەر لەسەر سكاڵای ئەو پەرلەمانتارەش پێنج خۆبەخشی نەوەی نوێ دەستگیركراون كە دوویان سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحیدن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure