سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستگیركرا

هەواڵ / کوردستان :: 16/05/2019‌ :: 1349‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بە بڕیاری دادوەری دادگای سلێمانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەستگیرکرا.

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی بانگێشتى به‌رده‌م دادوه‌رى كرد، پێش نیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ى ئایارى 2019) شاسوار عه‌بدولواحید چووه‌ دادگا و پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا بڕیارى ده‌ستگیركردنى ده‌ركرا.

لە پەیامێکیشدا پێش ئەوەى بچێتە بەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند: ئەوەی ئەوان و هاوڕێکانیان دەیچێژن "باجی هەڵوێستەکانیانە نەک هەڵە".

دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نه‌وه‌ى نوێ لەسەر ئەوەی لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەکەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دەستکاریکراوی لێکراوە، بە فەرمانی دادوەر دوو سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید  و چەند خۆبەخشێکی نەوەی نوی دەستگیرکران.  

دواتریش ئاسایش تۆمارێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا پێنج کەس کە دوانیان سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید بوون رایانگه‌یاند کە بە فەرمانی سەرۆکی جوڵانەوەکە هەڕەشەیان لە شادی نەوزاد کردووە، هەروەها ئاشکرایانکرد کە چەندین پەیجی نافەرمیان هەبووە کە له‌ رێیه‌وه‌ هێرشیانکردووەتەسەر كه‌سانى جیاجیا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure