خۆپیشاندانى سه‌درییه‌كان روو له‌زیادبوونه‌.. كوژراو و بریندار هه‌یه‌

هەواڵ / عێراق :: 16/05/2019‌ :: 1733‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

دواى ئه‌وه‌ى موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در لیژنه‌یه‌كى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ره‌وته‌كه‌ى پێكهێنا، داواى له‌ لایه‌نگرانى كرد ملكه‌چى بڕیار و لێپێچینه‌وه‌كانى لیژنه‌كه‌ بن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنى چوارشه‌ممه‌ 15ى ئایارى 2019، ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له‌ پارێزگاى نه‌جه‌ف چوونه‌ سه‌ر ماڵ و مۆڵى چه‌ند به‌رپرسێكى ره‌وته‌كه‌یان.


خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌در، له‌ كه‌مترین كاتدا، گرژى تێكه‌وت، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر رۆیشتنه‌ به‌رده‌م مۆڵى به‌شیر له‌ پارێزگاى نه‌جه‌ف، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى ئه‌و مۆڵه‌ موڵكى به‌رپرسێكى ره‌وتى سه‌دره‌و گه‌نده‌ڵكاره‌.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 16ى ئایارى 2019 شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامى خۆپیشاندانه‌كانى پارێزگاى نه‌جه‌ف، چوار كه‌س كوژراون، هه‌روه‌ها 17 كه‌سیش برینداربوون، به‌پێى به‌یاننامه‌ فه‌رمییه‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌رانى ره‌وتى سه‌در كردووه‌، پاسه‌وانه‌كانى ئه‌و مۆڵه‌ بوون، له‌ ناوه‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌.

دواى ئه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان ئاراسته‌یه‌كى ترى له‌ توندوتیژى وه‌رگرت، خۆپیشانده‌رانى ناڕازى مۆڵى به‌شیر-یان سوتاند، هاوكات ساڵح محه‌مه‌د عێراقى كه‌ كه‌سێكى نزیكى موقته‌دا سه‌دره‌، له‌ په‌یجى تایبه‌تى خۆى به‌ناوى موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ داواى له‌ خۆپیشاندانى ره‌وته‌كه‌ى كرد، خۆیان له‌ توندوتیژى بپارێزن، له‌به‌رده‌م ماڵ و مۆڵ و كۆمپانیاى به‌رپرسانى ره‌وته‌كه‌یاندا، بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ مانگرتن ئه‌نجام بده‌ن.

هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانى پارێزگانى نه‌جه‌ف، هه‌وادارانى ره‌وتى سه‌در و هه‌زاره‌ها خه‌ڵكى ترى ناڕازى له‌ پارێزگاكانى كه‌ربه‌لا و بابل رۆشتنه‌ به‌رده‌م ماڵ و مۆڵ و كۆمپانیاكانى به‌رپرسانى ره‌وتى سه‌در، له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانى پارێزگاكانى ناوه‌ڕاستدا، خۆپیشاندانه‌كان بۆ به‌غداى پایته‌خت و پارێزگای واست و زیقار ته‌شه‌نه‌ى كردووه‌.

به‌پێى میدیا عێراقییه‌كان سه‌در داواى له‌ لایه‌نگرانى كردووه‌، خۆپیشاندانه‌كانى نه‌جه‌ف رابگرن و له‌ پارێزگاكانى تر خۆپیشاندانى هێمنانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

به‌پێى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى بۆ میدیا عێراقییه‌كان دزه‌یان كردووه‌، چه‌ند به‌رپرسێكى ره‌وتى سه‌در، پێش ئه‌وه‌ى خۆپیشانده‌ران بچنه‌ سه‌ریان به‌ نامه‌ موقته‌دا سه‌دریان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یانه‌ دیبه‌خشنه‌ چه‌كدارانى ره‌وتى سه‌در و خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى ره‌وته‌كه‌یان.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی دواى قوربانییه‌كانی خۆپیشانده‌ران، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی نه‌جه‌ف پێنج كه‌سیان له‌ ته‌قه‌كه‌ره‌كان ده‌ستگیركردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure