پووشی موبەڕیدەی ناوخۆ و ئێرانی ركابەری یەكتری دەكەن

هەواڵ / ئابوری :: 17/05/2019‌ :: 627‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

هاتنی گەرما بێکاری بازاڕی فرۆشی پووشی موبەڕیدەی نەهێشت، ئێستا پووشی ناوخۆیی و ئێرانی كە ركابەری یەكدین، فرۆشیان هەیە، بەڵام نرخی ناوخۆییەكە كەمێك گرانترە.


ساڵانە لەهەرێمی كوردستان لەمانگی نیسانەوە وەرزی گەرما دەستیپێدەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە هاتنی گەرما درەنگ كەوت، بۆیە فرۆشی پووشی موبەڕیدەش درەنگ كەوت، بەڵام لەم هەفتەیەوە فرۆشی پووش دەستیپێكردووە.

پووشی موبەڕیدە لەپێكهاتەی دار و نایلۆنە، بەڵام سێ جۆری هەیە، بچووك پێی دەڵێن (2.5)، مامناوەند (4.5)، گەورە (6.5)، لەهەرێمی كوردستان لەشارەكانی هەولێر، سلێمانی، كەركوك كارگەی دروستكردنی پووشی موبەڕیدە هەیە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵیشە لەكۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پووش دێت كە ئەوەش كاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی دروستكردوە.

نرخی پووشی موبەڕیدە لەكارگەیەكی ناوخۆیی لەشاری سلێمانی بەمجۆرە دەدرێتە فرۆشیاران بچووك بە 2 هەزار و 850 دینار، ناوەند بە 4 هەزار و 400 دینار، بەڵام نرخی فرۆشتنی پووش لەهەندێك لەدوكانەكانی شەقامی كاوە بەراورد بەپوشی ئێرانی جیاوازترە.

لەیەكێك لەدوكانەكان پووشی موبەڕیدەی ئێرانی بچووك بە 3 هەزار، بەڵام ناوخۆیی بچوك بە 5 هەزار دینار، ئێرانی ناوەند 5 هەزار، بەڵام ناوخۆیی ناوەند بە 10 هەزارە، ئێرانی گەورە بە 6 هەزار دینار، بەڵام گەورەی ناوخۆ بە 15 هەزار.

لەدوكانێكی دیكە ئێرانی بچووك بە 3 هەزار دینار، ناوخۆیی بچوك بە 4 هەزار، ئێرانی ناوەند بە 5 هەزار، ناوخۆیی ناوەند بە 6 هەزار، ئێرانی گەورە بە 6 هەزار، ناوخۆیی گەورە بە 7 هەزار دینارە.

پەیوەند عەبدوڵا، فەرمانبەرێكی تەمەن 35 ساڵە و بۆ دواڕۆژ باسی لەوەكرد: بەهۆی هاتنی گەرماوە لەنزیك ماڵی خۆیان پووشی موبەڕیدەی كڕیوە لەهەردوو جۆرەكەی بچوك و مامناوەندی كڕیوە، بچوك بە 2 هەزار و 500 دینار، مامناوەندیش بە 5 هەزار دینار.

پەیوەند ئاماژەی بەوەكرد: بەگشتی بۆ دۆخی ئێستای كوردستان لەڕووی ئابورییەوە بەراورد بەپێداویستییەكانی دیكە نرخەكەی گران نییە، چونكە ئەگەر ئەو پووشە كوالێتی باش بێت بۆ ماوەیەكی زۆر كاری پێدەكرێت.

سامان فەخرەدین، هاووڵاتییەكی تەمەن 39 ساڵە لەیەكێك لەدوكانەكان سەرقاڵی كڕینی پووش بوو، سەرەتا كەوتە مامەڵەكردن لەگەڵ خاوەن دوكانەكان بۆ كڕینی پووشەكە، دواجار لەگەڵ خاوەن دوكانەكان رێككەوت 3 پووش بە 9 هەزار دینار بکڕێت.

سامان دەیوت: "نرخەكە زۆر گران نییە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی درەنگ هاتنی وەرزی گەرماوە لەم كاتەدا پووشی كڕیوە و لەگەڵ سپلێتەكەشدا دەتوانێت ماڵەكەی پێ فێنك بكاتەوە، ئاشكراشە سپلێت زیاتر توانای كارەبا سەرفدەكات وەك لەموبەڕیدە، بەڵام ساڵانە دەبێت لەگەڵ سپلێتدا، موبەڕیدەش بەكاربێنین".

ئەكرەم حەمەشەریف، خاوەن كارگەیەكی دروستكردنی پووشی موبەڕیدەیە لەشاری سلێمانی، سەرقاڵی دروستكردنی پووش بوو، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمساڵ بەهۆی كەشوهەوا و درەنگكەوتنی وەرزی گەرماوە تازە ماوەی دوو رۆژە پووش دەفرۆشن، بەڵام پوشی ئێرانی كاریگەری بۆ فرۆشیان دروستكردوە، ئەگەرچی خەڵك تێگەیشتووە بەرهەمی ناوخۆیی باشترە، چونكە پووشی ناوخۆ نەرمترە، بەڵام ئێرانییەكە رەقترە و زوو دەشكێت.

ناوبراو روونیكردەوە: لەڕووی كوالێتییەوە ناوخۆییەكە باشترە، بۆیە ئەگەر نرخی ناوخۆییەكەش كەمێك گرانتر بێت، هەر ناوخۆیی باشترە، بۆیە ئەكرەم پێشنیارێكی بۆ حكومەتی هەرێم ئەوەبوو، بۆ زیادكردنی فرۆشی ناوخۆیی گومرگ بخاتە سەر پووشی هاوردە، لەو كاتەدا ئەوان و خەڵكیش زیاتر قازانج دەكەن.

شەقامی كاوە لەشاری سلێمانی بەشێكی زۆری دوكانەكانی پووشی موبەڕیدە دەفرۆشن و لەئەمڕۆوە وردە وردە هاووڵاتیان روویان تێدەكەن، یەعقوب جەبار، فرۆشیارێكی پووشی موبەڕیدەیە و دەیوت: "لەبەر نرخەكەی خەڵك زیاتر پووشی ئێرانی دەكڕن، هۆكاری هەرزانیی ئێرانییەكەش ئەوەیە بەرهەمیان زیاترە و زووتر دروست دەكەن، بەڵام لەڕووی كوالێتییەوە ناوخۆییەكە باشترە".

بەوتەی ناوبراو: ساڵانە فرۆشی پووش لەناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستیپێدەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كەشوهەواوە دوو رۆژە دەستیپێكردووە.

هەروەها سامان سەنگاوی، وەكو فرۆشیارێكی دیكەی پووشی موبەڕیدە بەپێچەوانەوە دەیوت: "بەرهەمی ناوخۆ فرۆشی زیاترە، چونكە پووشی ئێرانی بۆن ساردییەكەی وەكو بۆنی ماسی لێدێت، بۆیە خەڵك كەمتر دەیكڕن، جگە لەوەش جاران پووشی ئێرانی هەرزانتر و عێراقی گرانتر بوو، بەڵام ئێستا نرخیان وەكو یەكترە".

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوان دەخوازن هاووڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ بەكارهێنانی موبەڕیدە و پانكە، چونكە كارەبای كەمیان پێویستە بەراورد بەسپلێت، چونكە 70%ی كارەبای هاوین بۆ فێنككەرەوە سەرف دەكرێت.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئاام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە