چه‌ند كادیر و به‌رپرسێكی دیاری گۆڕان ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 5097‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ

چه‌ند كادیر و به‌رپرسێكی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یان راگه‌یاند.


به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی ئایاری 2019، به‌هۆی ناڕازیبوونیان له‌ چه‌ند پرسێك، هه‌ریه‌ك له‌ مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ڕێکخەری ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان، عه‌بدولِره‌حمان عه‌بدوڵڵا ناسراو بە (عەول) ئەندامی جڤاتی گشتی، عه‌بدوڵڵا حەبیب، لەتیف فاتیح فەرەج ئەندامانی ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرس و كادیرانه‌ی گۆڕان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت: "بارودۆخ و ڕەوشی کەرکوک گەیشتووه‌تە ئاستێکی ترسناک، ئێستا هەرەشە لە سەر خاک و خەڵکەکەی دروست بووە".

ده‌ڵێن: "دوای ڕیفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەری 2017، سیاسەتی تەعریب و پەراوێزخستنی کورد لە کەرکوک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو سەریهەڵداوەتەوە، بە داخەوە دوای هەوڵێکی زۆرمان لە گەڵ خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە کاتی خۆیدا، ئامادەنەبوون لە سەر 16ی ئۆکتۆبەر بەیاننامەیەک دەربکەن".

باس له‌وه‌شده‌كه‌ن: لە سەروبەندی ڕێکكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دروستکردنی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێم، سەرەڕای پێشنیار و ئیلحاحی زۆرمان لە سەر هەردوو ئاستی جڤاتی نیشتیمانی و خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ پشک و ئەجێندایەکی ئەوتۆی بۆ کەرکوک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تێدا نەبوو.

ئه‌وه‌ش روون ده‌كه‌نه‌وه‌: ئێمە پێمانوایە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر دەستی ئەم سەرکردایەتیە لە ڕاستە ڕێگاکەی خۆی لایداوە، کە لە پێناویدا دامەزرا (کارکردن لە پێناو هێنانەکایەی دادپه‌روه‌ری کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی گەندەڵی و پیادەکردنی سیاسەتێکی کوردستانی بەرامبەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و هێنانەکایەی سیستمێکی په‌رلەمانی، لانیکەم هاوشێوەی بەغدا) چاوەروان دەکەین بزوتنەوەکە بەرەو هەڵدێری گەورەتر بەرن.

له‌كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا، ئه‌و به‌رپرس و كادیرانه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ش روونده‌كه‌نه‌وه‌ "دوای بێهیوابوونمان لە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لە سەر ئەرک و کاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێبووە و ئاماژەمان پێکرد، بە تایبەتی سیاسەتێکی کوردی و کوردستانی بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان".

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure