حکومەتی هەرێم 260 ملیۆن دۆلار قەرزداری ئه‌م شوێنه‌یه‌

هەواڵ / ئابوری :: 16/05/2019‌ :: 1029‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و تێکچوونی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، بانکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خاڵی کرد، پەرلەمانتارێکی پارتیش کە جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "حکومەت قەرزی لای خەڵکە و خۆشی قەرزدارە".


هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: خەڵکی هه‌رێمی كوردستان متمانەی بە بانکەکان نییە، به‌ڵام لە وڵاتان خەڵک پارەی لە بانکە و تەنیا ژماره‌یه‌كی بانكیی هەیە و کاری پێدەکات، بۆیە بانکەکان هەمیشە پارەیان تێدایە، بەڵام بەداخەوە لێرە وانییە.

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان باسی له‌وه‌شكرد: لەم چەند ساڵەی ڕابوردوو بانکە ئەهلییەکان ڕۆڵێکی باشیان گێڕا لە هاوکاری حکومەت، بەتایبەت لە کاتی قەیرانی دارایی.

هێڤیدار ئەحمەد، ڕاشیگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان 260 ملیۆن دۆلار قەرزاری بانکە ئەهلییەکانی ناوخۆیە کە بەردەوام قەرزەکەی داوەتەوە و تاکۆتایی ساڵی 2021 مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بداتەوە.

لەبارەی قەرزەکانی حکومەت کە لای هاووڵاتیانە جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "هۆکارێکی دیکەی نەبوونی پارە لە بانکەکان ئەو قەرزانەیە کە لای خەڵکە، تائێستا سێ ملیار دیناری حکومەت بەناوی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لای خەڵکە، ئەمە جگە لەوەی 770 ملیار دیناری دیکەی خەڵک کە بۆ پێشینەی کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەڵێندەر و وەبەرهێنانە، ئەمانە هەمووی وایکردووە حکومەت نەتوانێت سیولە بخاتە بانکەکان.

شارەزایەکی ئابووریش پێیوایە له‌ ماوه‌ی رابوردوودا سیاسەتی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵە بووە.

ئەرشەد تەها، شارەزای ئابووری بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لەماوەی 27 ساڵی ڕابوردوو تا ئێستا، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هەڵەی پەیڕەوکردووە لە کەرتی دارایی".

ئاماژە بەوەشدەکات: حکومەت بانکەکانی تەنیا بۆ دابەشکردنی مووچە بەکارهێناوە، کاریان بەس گۆڕینەوە و دابەشکردنی مووچە بووە.

ئەرشەد تەها دەڵێت: "پێویستە حکومەت هاوشێوەی وڵاتان سیاسەتی ئابووری درێژخایەن پەیڕەو بکات و بیر لە دانانی یەدەگی زێڕ بکاتەوەو وەبەرهێنان بکات، مامەڵە بە پارەکانیه‌وه‌ بکات و بەوشێوەیە سیولە دەکەوێتە بانکەکان و خەڵکیش زیاتر متمانە بە بانکەکان دەکات".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

 بڵاوكردنه‌وه‌: هـ.ق

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure