نه‌خۆشێك له‌ كاتى نه‌شته‌رگه‌ریدا گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 16/05/2019‌ :: 18856‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ئه‌هلى قه‌زای كه‌لار له‌ كاتى ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریدا بۆ گه‌نجێك، گیانى له‌ده‌ستدا، به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌و پزیشكه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌ ڕاگیراوه‌. 

عه‌لى قه‌دورى وته‌بێژى پۆلیسى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دره‌نگانى شه‌وى ڕابوردوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لارى ئه‌هلى له‌ كاتى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كدا هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوى (سه‌رهه‌نگ جەلال) ته‌مه‌ن 28 ساڵ دانیشتووى قه‌زاكه‌ گیانی لەدەستدا. 

وتیشى: "تەرمی ناوبراو بەمەبەستی توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی کراوەو لەسەر سکاڵای کەسوکاره‌كه‌شى و بەبڕیاری دادوەر پزیشكه‌كه‌ ڕاگیراوەو پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووەو چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی پزیشکین لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئه‌و هاووڵاتییه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لار كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و هاووڵاتییه‌ كیسی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر جگه‌ر و له‌ كاتى نه‌شته‌رگه‌ریدا فشارى خوێنى به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌هۆى گیانله‌ ده‌ستدانى.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشى: "ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ له‌ كاتى نه‌شته‌رگه‌ریدا له‌ناكاو ڕووده‌دات و به‌ جه‌ڵته‌ى نێو نه‌شته‌رگه‌رى گیانى له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌زار نه‌خۆش كه‌سێك تووشى ده‌بێت كه‌ به‌ (جه‌ڵته‌ى نێو نه‌شته‌رگه‌رى) ناوده‌برێت و نه‌خۆشه‌كه‌ فشارى خوێنى به‌رزده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته‌هۆى مردنی".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure