رووداو 2؟

هەواڵ / کوردستانی :: 16/05/2019‌ :: 1772‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ کەناڵێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و چەندین هونەرمەند و کەسایەتی دیار کاری تیادا دەکەن.

کەناڵەکە تۆڕی میدیایی رووداو دروستیکردووەو ناوی (رووداو 2) دەبێت، سەرجەم کەلوپەلەکان و ئامێرەکانی ئەم کەناڵە پێشتر موڵکی (وار تیڤی) بووەو رووداو لە ئێستادا کەناڵەکە و سەرجەم کەلوپەلەکانی کڕیوەتەوە.

هاوکات کەناڵەکە لەناو باڵەخانەی وار تیڤی لە دهۆک دروستکراوە کە پێشتر ئەو کەناڵە و باڵەخانەکەشی موڵکی تەمەر رەمەزان فەتاح، پارێزگاری پێشووی دهۆک بووەو نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی باڵەخانەکەی دروستکردوە.

ئەم کەناڵە نوێیە لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرپەرشتی دەکرێت و کەناڵێکی کاتبەسەربردن دەبێت، هەواڵیش هەیە کە کەناڵەکە کوردستانیی بێت و باس لەوەشدەکرێت کە لە سلێمانی هونەرمەند (مەزهەری خالقی) ببێتە راوێژکاری مۆسیقا و کەلتوریی کەناڵەکە.

هەروەها لە دهۆکیش (دڵشاد سەعید) دەبێتە سەرپەرشتیاری کەناڵەکە، لە باکوری کوردستانیش (جوان حاجۆ) سەرپەرشتی دەکات.

دانانی دڵشاد سەعید بەسەرپەرشتیاری کەناڵەکە دوای ئەوە دێت کە خەڵکی دهۆک و دەستەبژێرەکانی رازی نەبوون کە کەسێک لە کەناڵی رووداو لە دەرەوەی دهۆک بێت و بکرێت بە سەرپەرشتیاری کەناڵەکە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، بەهۆی دروستکردنی ئەم کەناڵەوە نزیکەی 100 کارمەندی پێشووی کەناڵی وار تیڤی بێکار دەبن، بەڵام بڕیاروایە کاری دیکە بۆ ئەو کارمەندانە بدۆزرێتەوە.

 

ئا: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure