پسوڵه‌ی سه‌رپێچی هاتوچۆ ساخته‌ ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 8781‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: پۆلیسێک لە یەکێک لە بازگەکان پسوڵەی سەرپێچی ساخته‌ كردووه‌ و داهاته‌كه‌ی بۆ خۆی بردووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ وه‌كوو سزایه‌ك شوێنگۆڕكێ به‌ زۆربه‌ی كارمه‌ندانى ناو و دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی کراوە و ئه‌نجومه‌نێكی لێكۆڵینه‌وه‌ش پێكهێنراوه‌.


چەند سەرچاوەیەکی ھاتووچۆ، کە نەیانویست ناویان بھێنرێت، بە دواڕۆژیان راگەیاند: پۆلیسێکی ھاتوچۆ پسوڵەی سەرپێچی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی و مۆرەکانی ساخته‌ کردووەو به‌و پسوڵانه‌ غرامەی هاووڵاتیانی كردووه‌و پاره‌كه‌ی بۆ خۆی بردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی دواڕۆژ باسیان له‌وه‌شكرد: ئەو پۆلیسی ھاتوچۆیە بۆ ئه‌وه‌ی لەو کارەی سەرکەوتوو بێت، زۆرترین غرامەی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە كردووه‌ کە عه‌ره‌ب و ئێرانی بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرانه‌بێت.

دواڕۆژ ئه‌وه‌شی زانیوه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ وه‌كوو سزایه‌ك شوێنگۆڕكێ به‌ زۆربه‌ی ئه‌فسه‌ره‌كانی ناو و ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی كراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی: "ئەو بابەتە لای ئێمە نییە و لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ دروستکراوە".

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، دواڕۆژ پەیوەندیکرد بە كاروان محه‌مه‌د وتەبێژی ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، بەدواڕۆژی وت: "لەئێستادا ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕوداوە پێکھێنراوە، ئێمەش چاوەڕوانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەین تا بزانین وایە یان نا".

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ لەناو بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەو پۆلیسی ھاتوچۆیە پێکھێنراوە، تاوه‌كوو زانیاری تەواو کۆبکەنەوە لەسەر ئەوەی ئایا ئەو پۆلیسە کەسی تری لەگەڵدا بوو یان بە تەنیا ئەو کارەی کردووە؟.

پۆلیسێكی هاتوچۆش له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی، كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكرد: پسوڵەكان لە دەرەوەی هەرێم ساختەكراون و واژۆ و مۆرەكانی سەر پسوڵە ساختەكراوەكان، هەمان واژۆ و مۆری سەر پسوڵە فەرمییەكانن‌.

ئه‌و پۆلیسه‌ باسی له‌وه‌شكرد: ئەو پسوڵەیەی ساختە كراوە، هەر بەندێكی 50 وەرەقەیە و شەوانە پێنج بەندی پسوڵەی ساختەكراو سه‌رفكراوه‌.

له‌ئێستادا به‌ بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی، ئەنجومەنی لێكۆڵینەوە بۆ بابەتەكە پێكهێنراوە و تۆمەتبارەكە وتەی لێوەرگیراوە و بە پێی ماددەكانی 289 و 298 كە بریتین لە بەكارهێنانی پسوڵەی ساختەكراو دەستگیركراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure