حیزبی دەعوە هەڵوێستی خۆی لەسەر گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاشکرا کرد

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 939‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئەمڕۆ (چوار شەممە 15ی ئایاری 2019 ) حیزبی دەعوەی ئیسلامی (رێکخستنی ناوخۆ) هەڵوێستی خۆی لە قەیرانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاشکرا کرد.

ئەو حیزبە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردۆتەوە "ئەمریکا لە رێککەوتنی پرۆگرامە ئۆتۆمییەکەی ئێران کشایەوە و چەندین قەیران و ئابڵوقەی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە سەپاند و ئیدارەی ئەمریکا دەهۆڵی بەرپاکردنی جەنگی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لێدا و هێزە سەربازییەکان و میكانیزمی بەرپابوونی ئەو جەنگەی رەخساندووە تاکو دژایەتی گەلی ئێرانی خۆڕاگر بکات".

وتیشی: "ئەو قەیرانەی ئێستا ئەمریکا دژی ئێران دروستی کردووە، دەیخاتەوە بیرمان کە لە رابوردوودا دژی عێراق دروستی کردبوون و ئێستاش دژی یەمەن و ئێران پەیڕەوی دەکات".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە پێویستە لەسەر گەلی عێراق لەوە تێبگەن ئیسرائیل و لۆبی جوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکەن گرژی و ئاڵۆزی دژی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست دروستبکەن.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی ئەو حیزبە، ئەمریكا و ئیسرائیل دەیانەوێت "موقاوەمەی فەلەستین و یەمەن و سوریا و لوبنان لەناو ببەن، بۆیە هەمیشە هەڕەشە لە لەناوبردنیان دەكەن، بۆیە ئێمە هۆشداری دەدەینە ئەمریکا کە تەنیا زەرەرمەند لە بەرپابوونی ئەو جەنگە جولەکەکانی ئیسرائیل دەبێت".

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە