بانگخوازى و ئیمامى مزگەوتى قوبا لەمەدینە: ئەردۆغان دوژمنى سەرسەختى سعودیەیە

هەواڵ / جیهان :: 16/05/2019‌ :: 360‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ

ساڵح ئەلمغامسى بانگخوازى عەرەبى ناودار و ئیمام و خەتیبى مزگەوتى قوبا لە شارى مەدینەى منەوەرە لە سعودیە ئاشکرایکرد: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا دوژمنى دیارى وڵاتەکەیەتى.


لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ کەناڵى MBC، ئەلمغامسى وتى: "رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا دوژمنێکى دیارى سعودیەیە، چونکە بەردەوام دژایەتى وڵاتەکەمان دەکات و شکۆى ئایینى ئیسلامى نەهێشتووەو لەرێگاى جوڵاندنى سۆز و هەستى موسڵمانانى وڵاتەکەى هەوڵدەدات درێژترین ماوە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە".

وتیشى: "ئەردۆغان پێش بانگەشەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى، سەردانى کەعبەى کرد لە سعودیە و داواى لە ئەمیرى مەدینە کرد کە دەرگاى کەعبەى بۆ بکەنەوە تاوەکو لەگەڵ ژنەکەیدا بچێتە ژوورەوە، بەڵام شا عەبدولڵا لەو سەردەمەدا رێگاى تەنیا بەخۆیدا بچێتە ژوورەوە، پاشان دەرگاى بۆ کرایەوە و چووە ژوورەوەو فەرمانى بە وێنەگرەکانى کرد چەند وێنەیەکى بگرن تاکو هەستى شەقامى موسوڵمانەکانى وڵاتەکەى بۆ لاى خۆى رابکێشێت و وەکو پەیامێک کە سەرۆکى داهاتووى وڵاتەکەیان کەسێکى موسڵمان دەبێت و ئایینخوازە".

ئەوەشى خستەڕوو: دواى کوشتنى رۆژنامەنووس جەمال خاشقچى، سعودیە دانى بەکوشتنى ئەو رۆژنامەنوسەدا نا و کۆمەڵگاى نیودەوڵەتى ئاگادارکردەوە کە چەند کەسێک لەو رووداوە تێوەگلاون و دراونەتە دادگا، لەبەر ئەوەى بە بێئاگادارى وڵات ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەردۆغان ئەو دۆسیەیەى لە وڵاتانى رۆژئاوا بڵاوکردەوە و ئابرووى موسڵمانانى لە جیهاندا برد تاکو دژایەتى سعودیە بکەن.

سەبارەت بە عێراق-یش ساڵح ئەلمغامسى باسى لەوەکرد: دواى روخانى دەسەڵاتى سەدام حسێن ئێران دەستى لەکاروبارى عێراق وەردا و هەژموونى خۆى بەسەر زۆربەى سێکتەرەکانى ئەو وڵاتە زاڵ و فراوانتر کرد، بەتایبەتى لەسەرەتاى پێکهێنانى ئەنجومەنى حوکم تا کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتى نورى مالکى، لەو ماوەیەدا سوننە مەزهەبەکانى عێراق بەدەست شیعە مەزهەب و فەیلەقى قودسەوە دیانناڵاند و بە هەزارەها موسوڵمانانى سوننە مەزهەب ماڵوێران بوون و چەندین تومەتى جۆراوجۆریان خرایە پاڵ و ماڵوێران و دەربەدەربوون، هاوکات هەژموونى شیعەکان لە شارە سوننەکان زیاترى کرد و تاوەکو ئێستا حیزب و قەوارە سیاسییە شیعە مەزهەبەکان لە نێوان خۆیاندا شەڕى دەسەڵات دەکەن و گەلى عێراقیش بەدەست بێکارى و خزمەتگوزارى و نەبوونى ئاسایش زیانێکى زۆریان بەرکەوتووە.

و: ئاکۆ زەنگەنە
پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure